سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: به‌هۆی بڕیاره‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاوه‌دانی ڕوو له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان‌ ده‌كات

پارێزگاری سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌مه‌ودا به‌ بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ و به‌رفره‌وانی ئاوه‌دانی و بووژانه‌وه‌ ڕوو له‌ سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی سنووره‌كه‌ ده‌كات و دڵی هه‌زاران كه‌س به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ زه‌ویوزاره‌وه‌ هه‌یه‌، خۆش ده‌بێت.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌، 30ـی ته‌ممووزی 2024، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له‌ كۆنفرانسیكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ مێژووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و داواكارییانه‌ی له‌ سنووری سلێمانی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ ئاراسته‌ حكوومه‌ت كراون، له‌ ئاستی به‌ڵیندا نه‌مێننه‌وه‌، به‌ڵكوو به‌ كردار وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌ و بڕیاریان بۆ ده‌ربچێت و پرۆژه‌كه‌یان بۆ سنووره‌كانی هه‌ردوو پارێزگا بكه‌وێته‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ ناوی پارێزگاری سلێمانی و به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رپه‌رشتیاریی ئیداره‌ی گه‌رمیان سوپاسی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و تیمه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن بۆ بڕیاره‌ گرنگه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان.

پارێزگاری سلێمانی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، خزمه‌تگوزارییه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌ركه‌ حكوومییه‌كانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و خه‌ڵكی ناوچه‌ ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی پێشكه‌وتنی ئاستی خزمه‌تگوزاری و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌مڕۆ به‌ بڕیار ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی و دارایی بۆ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی سنووره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ دابه‌زێندرا، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بێت و هۆكاره‌ بۆ پێشكه‌وتنی كار و ئه‌ركی حكوومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان.