سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە تاران

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە تاران و بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەکات.

سێشەممە، 30-07-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی  ئێران، گەیشتە تاران.

کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان، نۆیەمین سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەرلەمان بە بەشداریی زیاتر لە 70 شاندی بیانی و 600 مێدیاکاری ناوخۆی ئێران و دەرەکی بەڕێوە دەچێت.

بەگوێرەی ماددەی 121 ی دەستووری ئێران، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆمار دەبێت لە دانیشتنێکی کراوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەندامانی ئەنجوومەنی چاودێریی، بێت.

سەرۆکایەتیی هەرێم بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەچێتە تاران و لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان دەکات.

سێشەممە 28ی ئەم مانگە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی پزیشکیان بە گوێرەی بڕگەی 9 لە ماددەی 110 دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئامادەبوونی ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێران لە هەردوو بەرەی ڕێفۆرمخوازان و نەریتخوازەکان، لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی وڵاتان بەڕێوە چوو.

هەر بەگوێرەی دەستووری ئێران، دوو هەفتە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێ، دەبێت وەزیرانی کابینەکەیی بۆ وەرگرتنی متمانە، بە پەرلەمان بناسێنێت.

ھەواڵی زیاتر