ڕاڤـین لـەیلانی باشترین نووسەری لاوی دونیا لە ساڵی ٢٠٢١

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

(ڕاڤین لەیلانی ـ Raven Leilani)، ژنەنووسەری ڕەشپێستی ئەمریکی، لەبەر ڕۆمانەکەی واتە “درەوشانەوەـ luster “، بووە براوەی خەڵاتی ئەدەبی (دیلن تۆماس ـ Dylan Thomas).

خاڵی سەرنجڕاکێش لەم برندەوەیەی ئەمساڵ ئەوەیە کە ڕاڤین تەمەنی ٣٩ ساڵە و بەم تەمەنەوە بووەتە براوەی خەڵاتەکە. دیلن تۆماس، کە شاعیری خەڵکی بەریتانیا بوو لە تەمەنی ٣٩ ساڵی کۆچی دوایی کرد و ئێستایش ئەم خەڵاتەی دیلن تۆماس دراوەتە بە نووسەرێک کە تەمەنی ٣٩ ساڵە.
کتێبی “درەوشانەوە”، ساڵی ڕابردوو لە لایەن “باراک ئۆباما” سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا وەک باشترین بەرهەمی ساڵ ناسێنرا. ئۆباما لەبارەی یەکەمین بەرهەمی ئەم نووسەرە ئەمریکییەوە نووسی: “ڕۆمانێکی بوێرانە و سەرکەوتوو کە ئازارێکی هەڵگرتووە و مامۆستایانە و لێزانانە ئازار و تێکشکانەکانی ژنێکی ڕەشپێست دەگێڕێتەوە”.
دەستەی داوەران و تاوتوێکەرانی خەڵاتی ئەدەبی دیلن تۆماس، لەبارەی ڕۆمانی “درەوشانەوە”، گوتوویانە: “هەڵبژاردنی براوەکە کارێکی قورس بوو، چونکە بەرهەمگەلێکی تایبەت و باش هاتبوونە پێرستی کۆتایی کێبەرکێکەوە و دەیانتوانی هەموویان سەرکەوتوو بن. پاش گفتوگۆ و لێکدانەوەیەکی زۆر و بیرکردنەوەیەکی باش گەیشتنینە ئەو بڕیارەی کە ڕۆمانی درەوشانەوە ببێتە سەرکەوتووی ئەم کێبەرکێ ئەدەبییە.”
وێژەخەڵاتی دیلن تۆماس، لە لایەن زانکۆی “سوانسی” دامەزرێنراوە و سەرەتا لە دەسەی ١٩٨٠ی زایینی بەخشرا بەڵام لەبەر کەمی بەهاداربوونی وەستێنرا. دواتر بە هاوکاری ئابووری ئێچ پی ئێنترپرایس سێرویسز ئەم خەڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینییەوە وەک یەکێک لە گرانترین و بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبی ناسێنرا کە ٣٠ هەزار پۆندە و هەر لەو ساڵە و بۆ یەکەم جار بەخشرا بە ڕاشێڵ ترێزیزی نووسەری وێڵزی. ئەم وێژەخەڵاتە کە سەرەتا دوو ساڵ جارێک دەبەخشرا، لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینییەوە بووەتە ساڵێک جارێک و دەبەخشرێتە بەرهەمگەلی ئینگلیزی زمان لە نووسەرانی تازە کە لە خوار تەمەنی ٣٩ ساڵییەوە بن و دەشدرێتە ژانرە جیاوازەکانی ڕۆمان و شیعر و شانۆنامە.
لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینییەوە ئەم خەڵاتە ٢٠ هەزار پۆند دەبەخشرێتە کەسی یەکەم و بۆ ئەوانەی کە دەشگەنە لیستی کۆتایی کە زۆرجار ٦ کەسن، ٥٠٠ پۆن دەبەخشرێت. بۆ ساڵی ٢٠٢١ی زایینی ئەم بەرهەم و ناوانە گەیشتنە قۆناغی کۆتایی تا دواجار لە کێبەرکێکە بەرهەمەکەی ڕاڤین لەیلانی بووە یەکەم:
یەکەم: (درەوشانەوە ـ luster) لە نووسینی (ڕاڤین لەیلانی ـ Raven Leilani) ـ دەزگای چاپی (ماک میلان ـ MacMillan)
دووەم: (ڤێنێسای تارکی من ـ My Dark Vanessa) لە نووسینی (کەیت ئەلیزابێت ڕاسێل ـ Kate Elizabeth Russell) ـ دەزگای چاپی (هارپێر کالینز ـ HarperCollins)
سێیەم: (تیمساح و چیرۆکگەلی دیکە ـ Crocodile and other stories) لە نووسینی (دیما ئەلیزابێت ـ Dima Alzayat) ـ دەزگای چاپی (ماک میلان ـ MacMillan)
چوارەم: (کورسی ـ Bench) لە نووسینی (کاترین لەسی ـ Catherine Lacey) ـ دەزگای چاپی (گراناتا ـ Granta)
پێنجەم: (هەڵسان و نیشتنەوەی پاشایەتی ـ Kingdomtide) لە نووسینی (ڕەی کورتیس ـ Rye Curtis) ـ دەزگای چاپی (هارپێر کالینز ـ HarperCollins)
شەشەم: (مەرگی ڤیڤیک ئۆجی ـ The Death of Vivek Oji) لە نووسینی (ئاکواکی ئیمیزی ـ Akwaeke Emezi) ـ دەزگای چاپی (فابێر ئاند فابێر ـ Faber and Faber)

ھەواڵی زیاتر