د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:ئامانجمانە بە یەکسانی خزمەتگوزاریی بۆ هەموو شوێنێک دابین بکەین

دوای وەرگرتنی سێ یەکەی کلینیکی گەڕۆک لەلایەن ڕێکخراوی “یو ئێن ئێف پی ئەی” کە سەر بە ڕێکخراوی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکانە، د.سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە گرنگی ئەو یەکانە کرد.

وەزیری تەندروستیی حکوومەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ ڕێکخراوی “یو ئێن ئێف پی ئەی” سەر بە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سێ یەکەی کلینیکی گەڕۆک، کە ئەمبولانسێکی تایبەتە بەتەواوی پێداویستییە پزیشکییەکان، بۆ ئەوشوێنانەی کە ڕووداو یان کارەساتێک تێیاندا ڕوو دەدات و خزمەتگوزاریی تەندروستیان پێ ناگات، ڕادەستی وەزارەتی تەندروستیان کرد.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕێکخراوە، لەکاتی کۆرۆنا چەند جارێک پێداویستیی پزیشکیی بۆ ئێمە دابین کردووە، هەروەها نەخۆشنخانەی لەدایکبوون و منداڵانی هەڵەبجەی نۆژەن کردووەتەوە.
د.سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان ئەوەیە بێ جیاوازی و بە یەکسانی خزمەتگوزاری بگەیننە هەموو ناوچەکان و وتی؛ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دوو بەشی گرنگی تەندروستی کرایەوە، ئەوانیش بەشی فریاکەوتن لە ناحیەی سەنگەسەر، هەروەها بەشی دووەم دروستکردنی بەشی فریاگوزاری ژمارە 122 بوو، کە ئامانجمانە بەیەکسانی خزمەتگوزارییەکان دابین بکەین. خزمەتگوزاریی 122 ڕۆلێکی کاریگەری هەیە لە بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان، لە ڕێگەی تیمەکانی پزیشکی بۆ چارەکردنی مەیدانی.
وتیشی؛ سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی ڕانیەمان کردووە، ئەو بەشە بیناکەی دروست کراوە، بەڵام پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییەکانی پزیشکییە؛ ئێمە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین تاوەکو لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەوێتە کار خزمەتی هاووڵاتییان.

ھەواڵی زیاتر