کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:سلێمانی پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ نەبوونە کە لەسەر داوای ئێمە ئاراستەی کردوون

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەخنە لە دامەزراوە ئەمنییەکانی پاریزگای سلێمانی دەگرێت و دەڵێت؛ جگە لە چاکسازیی گەوران هیچ هێزێکی چاودێریی بۆ چاکسازیی ژنان و منداڵانی سیاسیی دابین نەکراوە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە نێو چاکسازیی ئافرەتانی سلێمانی، باسی لەوەکرد لەسەر داوای ئەوان وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی بە دابین کردنی پاسەوان داوە بۆ چاکسازییەکانی سلێمانی، بەڵام بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە سلێانی جێبەجێ نەکراوە و وتی؛ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوار جار، لە سەر داواکاریی ئێمە نووسراوی ئاراستە فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی لە سلێمـانی کردووە بۆ ئەوەی پاسەوان و چادێریی بۆ چاکسازییەکان دابین بکەن، بەڵام جگە لە چاکسازیی گەوران هیچ هێزێکی چاودێریی بۆ چاکسازیی ژنان و منداڵانی سیاسیی دابین نەکراوە.
کویستان محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە لێرە لە سلێمانی، پابەندی فەرمان و بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ نەبوون و جێبەجێیان نەکردووە. لە کاتێکدا تەنیا لە ناو چاکسازی ژنان 61 سزادراومان هەیە لەگەڵ چوار ڕاگیراو، کەچی 17 هێزی جێبەجێکارمان هەیە، ئەمەش وای کردووە لە دەرەوەی چاکسازییەکە هیچ پاسەوانێک و هێزێکی ئەمنی نەبیت.
سەبارەت بە ڕۆیشتن و هەڵاتنی کچێکی لاو لە چاکسازیی ئافرەتانی سلێمانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند؛ ئەوەی هەڵاتووە تەمەنی ١٧ ساڵانە لەسەر داوای دایکی و بە ماددەی ٧ی خێزانی لە بەشی ڕاگیراوەکان بووە، چونکە کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی هەبووە. بەڵام چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە هەوڵ و گەڕانداین، بەڵام نەتوانراوە دەستگیر بکرێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە، وتی؛ لێژنەی لێکۆڵینەوەمان پێک هێناوە بۆ لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمی چاودێرەکان، چونکە نەدەبوو ئەرکەکانیان پشتگوێ بخەن، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت بەدڵنیاییەوە سزای توندی دەدەین.
هەر لە میانی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە پیویستە دامەزراوە ئەمنییەکانی سلێمانی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن بۆ ئەوەی کەمیی ژمارە چاودێرییەکانی چاکسازییەکان پڕ بکەنەوە، چونکە ئەگەر چارە نەکرێت بە دڵنیاییەوە حاڵەتی دیکەی هەڵاتن ڕوو دەداتەوە.

ھەواڵی زیاتر