فەرەنسا: هێرشی سەر تۆڕی شەمەندەفەری فەرەنسا، کاری چەپڕەوەکانە

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جیراڵد دارمانین ڕایگەیاند، پاریس گومانی هەیە لەوەی ئەو کارە تێکدەرانەی کە هەفتەی ڕابردوو کرایە سەر تۆڕی شەمەندەفەریی فەرەنسا، کاری چەپە توندڕەوەکان بێت.

ڕۆژی هەینی، تێکدەرەکان هێرشیان کردە سەر وێستگەکانی تۆڕی شەمەندەفەرە خێراکانی فەرەنسا،  کە ئەمەش بووە هۆی پشێوی و ئاژاوەگێڕی. کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕێوڕەسمی کردنەوەی یارییە ئۆڵۆمپیەکان.

ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، دامانین، بە تەلەفزیۆنی فەرەنسا 2ـی گوتووە: لە بەدواداچوونەکاندا چەند کەسێکمان دەستنیشان کردووە، وەک بەشێک لە تێکدەرەکان، ئاماژەی بەوەش کردووە، شێوازی تێکدەرەکان ئاماژەی پەنجەیان هی چەپە توندڕەوەکانە.

هەروەها وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، دەڵێت: پۆلیس چالاکوانێکی سەر بە چەپە توندڕەوەکان دەستگیر کردووە لەسەر هێرشی تێکدەرانەی سەر تۆڕی شەمەندەفەرە خێراکان.

لەدوای ئەو هێرشە کە چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی مەراسیمی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد ڕووی داوە، تا ئێستا حکوومەت دەستگیرکردنی هیچ کەسێکی ڕانەگەیاندووە.

لە بەرامبەردا پاتریس ڤێرگرێت وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، تا ئەمرۆ دووشەممە، سەرجەم شەمەندەفەرەکان دەستیان بە کار کردووەتەوە، دوای ئەوەی تیمە جیاوازەکان بەبێ پچڕان کاریان بۆ چاککردنەوەی زیانەکان کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکان بە گشتی  گواستنەوەی 800 هەزار کەسیان پەک خستووە، هەروەها 100 هەزار کەسیش دەبوو گەشتەکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە، دەشڵێت، تێچووی کۆمپانیای نیشتمانی شەمەندەفەری فەرەنسا زۆر دەبێت.

ھەواڵی زیاتر