ئەمەریکا پێداگرە لەوەی بە ئامانجی لێدانی داعش لە بنکەی سەربازیی هەریر بمێنێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ژمارەیەک میدیا و ڕۆژنامەی ڕۆژئاوایی بڵاویان کردەوە کە بەغدا و واشنتن لەبارەی پرسی ئەرکەکانی داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق و کشانەوەیان، لە ڕێککەوتن نزیک کەوتوونەتەوە. بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا تا ئەیلوولی ساڵی داهاتوو عێراق جێدەهێڵن و بەشێکی تریان بۆ ڕاهێنان دەمێننەوە، بەشێک لە بنکە سەربازییەکان ڕادەست دەکرێن و خاڵی ناکۆکی بەغدا و عێراق بنکەی سەربازی هەریرە لە هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پێداگرە لەوەی بە ئامانجی لێدانی داعش لە سووریا لەو بنکەیە بمێنێتەوە.

ڕۆژنامەی ناشناڵ نووسیویەتی، کە هەفتەی ڕابردوو شاندێکی عێراقی لە ئەمەریکا بووە بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەو پرسە گرنگە بکات و دوای دە ساڵ لە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕێکارێک بۆ کشانەوەیان یان چۆنیەتی مانەوەی بەشێکیان دیاری بکەن.
ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لایەن بەشێک لە گرووپە سیاسییەکانی ناوخۆ کە مەبەست ئەو گرووپە سیاسی و سەربازییانەن کە لە ئێران نزیکن، لە ژێر گوشاردایە تا لەگەڵ ئەمەریکییەکان بە ڕێککەوتنێک بگات و کاتێک دیاری بکرێت و ڕابگەیەنرێت کە هێزەکانی ئەمەریکا لەوکاتەدا لە عێراق دەکشێنەوە، بەڵام ئەمەریکا بە وریایی دەجووڵێتەوە و ئەولەویەتی بڕیارەکانی لەناوبردنی داعشە.
پەرلەمانتارێکی عێراقی کە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە بە ڕۆژنامەکەی گوتووە هەنگاوەکان بەرەو پێش چوون و عێراق و ئەمەریکا خەریکە لە ڕێککەوتنێک نزیک دەکەونەوە.
جەنەڕاڵ پات ڕایدەر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی پێنتاگۆن گوتوویەتی هیچ لێدوانێک لەبارەی کاتی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نادات و باسی لەو مەترسییانە کرد کە هێشتا هەڕەشە لە عێراق و ناوچەکە دەکەن. ئەو گوتی ڕاستە شکستیان بە داعش هێناوە و ڕێ نادەن سەرهەڵبدەنەوە بەڵام لە هەمان کاتدا هێزە تیرۆریستییەکانیش لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی سەرهەڵبدەنەوە.
ناشناڵ لە زاری هەندێک سەرچاوی نزیک لە حکوومەتی عێراق ڕای گەیاندووە لێکتێگەیشتن هەیە و عێراق و ئەمەریکا لەو ڕێککەوتنە نزیک کەوتوونەتەوە کە بەشێک لە هێزەکانیان بکشێننەوە و ئەوانی تر لە ڕاهێنانی هێزەکانی عێراق بەردەوام بن.
یەکێک لەو بنکە سەربازییانەی کە خاڵی ناکۆکیی نێوان عێراق و ئەمەریکایە بریتییە لە بنکەی سەربازیی هەریر و ئەمەریکا پێداگری کردووە لەوەی تەنانەت ئەگەر بنکەی عەین ئەسەدیش ڕادەستی عێراقییەکان بکات ئەوا لە بنکەی هەریر بمێنێتەوە و ئامانجەکەش ئەوەیە لەو بنکەیەوە بتوانێت گورز لە پاشماوەکانی داعش لە سووریا بوەشێنێت.
لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق بە ئەمەریکای گوتووە تەنانەت ساڵی ٢٠١٤ەیش کە بنکەی هەریریان دامەزراند بەوە ڕازی نەبوون بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لەم شوێنە هەبێت.
جێی باسە نزیکەی دوو هەزار و پێنجسەد سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرن.
هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرزیش باسی لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کردووە و ئاماژەی داوە ئەگەری زۆرە لە مانگی ئەیلوولەوە دەست بە کشانەوە بکەن و تا ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی بە کاری هاوپەیمانان لە عێراق بهێنن بەڵام بەشێک لەم هێزانە بەمەبەستی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری لە عێراق دەمێننەوە و بە یەکجاری ناکشێنەوە.
کێشە سەرەکییەکە لەو گرووپە توندڕەوانەیە کە لە عێراق لە ژێر کاریگەریی دەرەکی هەوڵ دەدەن بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بکەنە ئامانج و داوا دەکەن هیچ سەربازێکی ئەمەریکا لە عێراق نەمێنێتەوە و ئەمەریکاش هەر چەند بەرانبەر ئەو گرووپانە هەندێک جار هەڵوێستی توندی نواندووە بەڵام ئامادە نییە داواکارییەکەیان جێبەجێ بکات و لەگەڵ حکوومەتی عێراق کە لایەنی بەرانبەرە لە گفتوگۆ دایە.
ئەمەریکا ئەزموونی تاڵی لە جێهێشتنی عێراق هەیە و کاتێک لە ساڵی ٢٠١١ بە یەکجاری کشایەوە دوای سێ ساڵ عێراق تووشی دۆخێکی زۆر نالەبار بوو و داعش بەشێک لە خاکی عێراقی گرت و ئەمەریکا دیسان ناچار بوو بگەڕێتەوە و ئەم جارە نایەوێت هەڵەی ڕابردووی دووبارە بکاتەوە و ئامانجیەتی ڕێگری لە سەرهەڵدانی تیرۆر بکات.

ھەواڵی زیاتر