شارێكی كوردان بە پایتەختی پەرتووک ناسێندرا

لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا شاری سنە لەسەر ئاستی ئێراندا وەكو پێتەختی پەرتووک ناسێندرا.

لە ڕێورەسمی هەڵبژاردن و ناساندنی حەوتەمین پێتەختی پەرتووک لەسەر ئاستی ئێراندا بەڕێوە چوو و لەنێو شارە دەرچووەكانی قۆناغی كۆتاییی كێبڕكێی وەرگرتنی نازناوی حەوتەمین پێتەختی پەرتووكی ئێران، شاری سنە وەك شاری براوە هەلبژێردرا و دەستنیشان كرا.
هەرچەندە لەسەر ئاستی وڵاتی ئێراندا شاری سنە حەوتەمین شارە وەكو پایتەختی پەرتووك ناسێندراوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشدا دەبێتە یەكەمین شاری كوردی وەكو پایتەختی پەرتووك بناسرێنرێت.
گەڵاڵەی ناساندنی پایتەختی پەرتووک لەسەر ئاستی وڵاتی ئێران، لە ساڵی 2014ی دەستی پێ كردووە و لە ساڵی 2015ی جێبەجێ كراوە و ساڵانە بەپێی كۆمەڵێك پێوەر، كۆمەڵێك شار لەسەر ئاستی ئێراندا دیاری دەكرێن و چەند شارێكیان دەچنە قۆناغی كۆتایی و لە قۆناغی كۆتاییشدا شارێك دەستنیشان و دیاری دەكرێت.
شایانی باسە كە شاری سنە هەر لە سەرەتای سەدەی نوزدەی زایینییەوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەمانوڵڵا خانی گەورە، والیی پارێزگای سنە لە سەردەمی ئیمارەتی میرنشینی ئەردەڵانەكاندا تاكو سەردەمی دەسەڵاتی ڕەزا خانی میرپەنج بۆ ماوەی زیاتر لە سەدوپەنجا ساڵ نازناوی “دارالعیلم” واتە شاری زانستی پێ بڕاوە كە تاكو ئێستەش هەر بەو نازناوەوە ناوبانگی هەیە و لەم سەردەمەشدا جارێكی تر ئەو نازناوەی نوێ كردەوە و بووەتە پێتەختی پەرتووك لەسەر ئاستی ئێراندا.

ھەواڵی زیاتر