دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: کوشتنی دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە جێگەی پرسیارە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەبارەی چەند حاڵەتێکی کوشتن و شەڕو دەست درێژی بۆ سەر هاووڵاتییان و ڕایگەیاندووە: جێگەی نیگەرانی و دڵتەنگییە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبارن بەو حاڵەتانە و ئەمەش ئاماژەیەکی خراپە.

ڕۆژی 28ـی تەمموزی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنییەکان بریتیە لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ناکرێت خۆیان بەشێک بن لە تاوانەکان و ناکرێت ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی تاوان و  هەڕەشە و کوشتن و لێدان.

لە پەیامەکەدا هاتووە: “لەکاتێکدا لە هەفتەی ڕابردوو ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی خۆی کەسێکی کوشت و ئەمجارەش دووبارە ئەندامێکی هەمان ئەو هێزە ئەمنییە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاووڵاتییەکی کاسبکار کە هەردوو حاڵەت جێگەی پرسیارە کە بەچەکی فەرمی ئەنجام دراوە”.

هەروەها دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی هێشتا چەک بەدەستی هاووڵاتییان لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاردێت و بووەتە مایەی ڕوودانی حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەی بەردەوام و دروستکردنی نائارامی لە هەندێک شوێن.

هاوکات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان باشتر ڕابهێنرێن و ئاگادار بکرێنەوە کە بە هیچ شێوەیەک دوای دەوامی فەرمی بۆیان نییە چەک بەکاربهێنن و نابێت بەشێک بن لە حاڵەتەکانی تاوان”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی 27ی تەمموزی 2024، لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گەنجێک بەناوی ئاری کە پیشەی چایچییە، کوژرا و ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: “پاش ئەوەی ئەمشەو لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاوڵاتی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان سپاردنی کەسێک، ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباری ڕووداوەکە و کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ بەتۆمەتی هاوکاریی بکوژەکە دەستگیر دەکەن”.

پێشتریش لە 16ـی تەمموزی 2024، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا و مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا، تۆمەتبارێك دەستگیركرا کە كارمەندە لە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ و ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا .

ھەواڵی زیاتر