0 ڕۆژی تر، ترەمپ یان هاریس دەچێتە کۆشکی سپی؟

کێبڕکێی گەیشتنە کۆشکی سپی دوای هەوڵە شکستخواردووەکەی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان و کشانەوەی جۆو بایدن لە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، پێشبینی دەکرێت ئەو 100 ڕۆژەی بانگەشە لەبەردەم ترەمپ و کامالا هاریس ماوە گڕ و تینێکی زیاتر بە گردبوونەوە جەماوەرییەکان بدات.

هەر چەندە لە دوای کشانەوەی جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، تاوەکوو ئێستا دیموکراتەکان جێگرەوەی بایدنیان دانەناوە، بەڵام چاوەکان لەسەر کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمەریکان، بۆ ئەوەی لە 19ی مانگی داهاتوو بە کاندیدی فەرمی دیموکراتەکان و شوێن گرتنەوەی بایدن هەڵبژێردرێت و شەڕی مانەوە لە کۆشکی سپی بکات.

لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە تاوەکوو ڕۆژی دەنگدان 100 لە بەردەم کۆماری و دیموکراتەکان ماوە هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت هەڵمەتەکانی بانگەشە جۆش و خرۆشانی زیاتر بەخۆوە ببینن، بە تایبەت ئەگەر هاریس ببێتە کاندیدی دیموکراتەکان، ترەمپ ئەو بێ باکییەی بەرانبەر بە بایدن هەیبوو، نامێنێت.

هاریس وەک بەشێکی لە تیمی بانگەشەی دیموکراتەکان بەردەوامە لە هەڵمەتەکە و بانگەشەی ناڕاستەوخۆ بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ خۆی، ئەمەش لە ئاهەنگێکی کۆکردنەوەی دەنگ و هاوکاریی لە پیتسفیڵد لە ویلایەتی ماساچوستس لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ماساچوستس بە زەقی بە قسەکانییەوە دیار بوو کاتێک گوتی: ڕاستە کاندید نیم و لەم پێشبڕکێیەدا نیم، بەڵام ئەمە هەڵمەتێکی جەماوەرییە و پشتیوانیی خەڵک گرنگە.

هەمان ڕۆژ، ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەکردندا لە ویلایەتی مینیسۆتای باکووری ئەمەریکا بەڵێنی بە لایەنگرانی دا و ڕایگەیاند “لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، ئەمەریکاییەکان بە زۆرینەی دەنگ وەڵامی توندڕەوییەکەی کامالا هاریس دەدەنەوە”.

پێشبینی دەکرێت کێبڕکێی نێوان ترەمپ لەگەڵ هاریسی تەمەن 59 ساڵ زۆر کاریگەرتر بێت لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، ‌شرۆڤەکارانی دۆخەکە و چاودێرانی بانگەشەی هەڵبژاردن بڕوایانوایە دەنگە خۆڵەمێشییەکان دەبنە یەکلاکردنەوەی کاندیدی براوەی هەڵبژاردنن.

لەمبارەوە مات تێرێڵ، شرۆڤەکاری ستراتیجیی کۆمارییەکان دەڵێت: دەنگدەرە سەربەخۆکان کە هێشتا خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە لە بارەی دەنگ بەکام کاندید دەدەن کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنەکە دەبێت. ئەمەش پەیوەستە بە پرسی هەڵئاوسان، کۆچبەری، ئابووری و کەم کردنەوەی تاوانەکان ئاخۆ کام لەمانە دەبێتە ڕاکێشانی دەنگدەرانی سەربەخۆ.

تێرێل دەشڵێت: بڕوام وایە ترەمپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشانەدا باشە و هەربۆیە مێزی هەڵبژاردنەکە بەسەر کاندیدە ڕکابەرەکان هەڵدەگێڕێتەوە.

گەشبینی کۆمارییەکان بە کشانەوەی بایدن زۆر بوو، بەڵام بژاردەی هاتنە پێشەوەی کامالا هاریس بۆ بوون بە کاندید کۆمارییەکان تەوژمێکی نوێی بە دیموکراتەکان بەخشییەوە و بە گوێرەی ڕاپرسییەکانی ئەم دوایە، لە هەفتەیەکدا پێشکەوتنی ترەمپ لە سێ خاڵەوە بۆ نیوە کەم کردووتەوە.

سەرەڕای ئەو تەوژمە، دیموکراتەکان باش دەزانن شەڕی مانەوەیان لە کۆشکی سپی هێندە ئاسان نییە.

تۆنی فابریزیۆ، لە تیمی بانگەشەی ترەمپ دەڵێت: دوای ماوەیەکی کورت، مانگی هەنگوینی هاریس کۆتایی دێت، چونکە دەنگدەران دووبارە سەرنجیان دەکەوێتەوە سەر ڕۆڵی هاریس وەک یاریدەدەری بایدن، نەک کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی.

هەروەها جەیمس کارڤابڵ، ستراتیجیناسی دیموکراتەکان دەڵێ: پێویستە دیموکراتەکان واز لە ئاهەنگگێڕان بهێنن و خۆیان بۆ گەردەلوولی داهاتوو ئامادە بکەن، چونکە کۆمارییەکان لە میانەی بانگەشەکاندا بەردەوام دەبن لە پەلاماردانی دیموکراتەکان، هەر بۆیە ئەم جۆرە خۆشی دەربڕینانە ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابن.

دەشڵێت؛ تەنانەت باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتریش زەنگی هۆشیار کەرەوەی بۆ کەمپینی دیموکراتەکانی لێداوە و بە بیری هێناونەتەوە کە پێویستە متمانە بۆ دەنگدەران بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی سەرکەوتن مسۆگەر بکرێت.

ھەواڵی زیاتر