کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری:حکوومەت زۆرترین چاکسازیی لە سێکتەری باجدا کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەم دیدارەدا دەڵێت: سەرباری ئەو قەیرانانەی بەرۆکی حکوومەتی هەرێمی گرت لە چەند ساڵی ڕابردوو بەڵام ھیچ باجێک زیاد نەکراوە، تەنیا وەرگرتنی باج بە یاسا ڕێکخراوەتەوە، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ داشکان و ڕاگرتنی باج، سوودی بۆ ھاووڵاتییان و بازرگانان ھەیە. دەشڵێ: ئەم بڕیارانە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕ دروست دەکات.

چاکسازییەکانی باج
بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری ٣٣٩٣ـی دەرکرد بۆ ئەوەی بەشێک لەو بارقورسییانەی سەر شانی ھاووڵاتییان سووک بکات، یەکێک لەو بڕیارانە ڕاگرتنی باجی سەر چێشتخانە و ھۆتێلەکانە، ئەوانەی کە نمرە چوار بەسەرەوەیان ھەیە بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەو بڕیارەی دەرکردووە تا یاساکە لە خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان ھەموار دەکرێتەوە، ھاوکات ئەم بڕیارەش بەڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخەی ئێستای ھاووڵاتییان دەرکراوە، ھەر بڕیارێک دەربچێت بۆ بەرژەوەندی ھاووڵاتییانە، ھەروەھا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھیچ باجێک زیاد نەکراوە، تەنیا وەرگرتنی باج بە یاسا ڕێکخراوەتەوە.
تەواوی دانیشتووانی ھەرێم لەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران سوودمەند دەبن
کەمال وەرتێ، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری، ئاشکرای کرد: بەڕاستی ئەو بڕیارە بڕیارێکی زۆر دروست بوو و لە ئەنجامی دیراسەکردنی بابەتی و زاتی بازاڕی ھەرێمی کوردستان و لە ئەنجامی کەمبوونەوەی کار و کەسابەتی پیشەوەران و کاسبکاران بوو بەھۆی ئەو قەیرانە یەک لە دوایەکانەی کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە کە لە ڕابردوو ئەو گەماڕۆ سەختانەی خرانە سەر ھەرێمی کوردستان، وای کرد لێکەوتە و دەرھاویشتەی زۆر نەرێنی لەسەر تەواوی سێکتەرەکان لە ھەرێمی کوردستان دروست بکات، حکوومەتی ھەرێم دیراسەتێکی وردی ئەو بابەتەی کرد و لە سۆنگەی پەرۆشی و خەمخۆری حکوومەتی ھەرێم بۆ ھەموو چین و توێژەکان بەتایبەتی چینی کاسبکار و ھەژاران وای کرد کە پێداچوونەوەیەکی جیددی لەسەر کۆی ئەو بڕیار و یاسانەی پێشووتر بکات ئەوەی پێویست بێت بۆ سووکردنی ئەو بار قورسییەی کە کەوتووتە سەر شانی ھاووڵاتییان بیدات، سەرۆکوەزیران لەم ڕوانگەیەوە ھەنگاوی ناو و ئەو بڕیارانەی دەرکرد، لەو بڕیارە تەواوی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبن، ھەندێکیان بە ڕاستەوخۆ و ھەندێکیشیان بە ناڕاستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن، بۆ نموونە ئەگەر باسی چێشتخانە و ھۆتێل و مۆتێلەکان و کەرتی گەشتیاری بکەین کە بە یەکێک لە سێکتەرە کاریگەرەکانی ھەرێمی کوردستان لەڕووی داھات و کار و کەسابەتەوە دادەنرێت، ھەروەھا زۆرجار خاوەنی سەموونخانەکان پاساوی ئەوەیان دەھێنایەوە کە باج زۆرە، لەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران ڕاستەوخۆ خاوەنی سەموونخانەکان و بەناڕاستەوخۆش ھاووڵاتییان لێی سوودمەند دەبن.
ئەو شوێنانەی کە لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن
بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، زیاتر دەڵێ: لە زەوی بەتاڵ ھەموو خەڵک لێی سوودمەند دەبێت، جا بۆ ھەر مەبەستێک بێت، لە ماوەکانی ڕابردوو بەپێی یاسا ھەر کەسێک زەوییەکی بەتاڵی ھەبووایە لە کاتی کڕین و فرۆشتن ٢% باجی لێ وەردەگیرا، ئەمەش وای کردبوو نرخی زەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێت، نانەواخانە و سەمونخانەکان گەورە بن، یان بچووک ئەو بڕیارە ھەموویان دەگرێتەوە، جا لە ھەر شوێنێک بن، ئالیەتی وەرگرتنی باج لە نەخۆشخانە ئەھلییەکان ئەو وەسلەی کە دروست دەکرا کە ٥% لە پزیشک وەردەگیرا کە نەشتەرگەری دەکرد، زۆرێک لە پزیشکەکان ئەو باجەیان دەخستە سەر نەخۆش ئێستا ئێمە خستمانەتەوە سەر ساڵانە، ساڵانە ئەو باجە لە پزیشکەکان وەردەگیرێت و لێرە بەدواوە ناتوانێت بخاتەوە سەر نەخۆش، ئەو نەخۆشخانە و کۆمپانیانەی کە زیان دەکەن لێیان وەرناگیرێت، زۆربەی ئەو باجەی کە وەردەگیرێت لە کۆمپانیای گەورەیە.
زۆرترین چاکسازی لە باج کراوە
کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، جەختی لەوەشکردەوە: لە شەش ساڵی ڕابردوودا کە دەستمان پێ کردووە زۆرترین چاکسازی لە سێکتەری باج کراوە، ڕێکخستنەوەی باج بونیاتنانی وڵاتێکی بەھێزە، ھەر وڵاتێک ئەگەر سیستەمی باجی بەھێز نەبێت، ئەو وڵاتە دەرووخێت.
دەبێت ئاستی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکەن
بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری، گوتیشی: ئەو شوێنانەی بڕیارەکە دەگرێتەوە، پێویستە ئاستی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکەن، جا ھەر شوێنێک و خزمەتگوزارییەک بێت، نابێت بە ھیچ جۆرێک بیر لە گرانکردنی نرخ بکەنەوە، بەڵکو لەسەریانە چاکسازی لە ڕەوتی کارکردنی ڕۆژانەی خۆیان بکەنەوە و بەو پەڕی دڵخۆشییەوە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت جێبەجێ بکەن، سەرۆکوەزیران بەردەوام داوا دەکات کە پێداچوونەوە بە بارودۆخ و کار و کەسابەتی چینی ھەژار و کەمدەرامەتان بکرێت.
بەردەوام بەدواداچوون و چاودێری شوێنەکان دەکرێت
کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر بەدواداچوون نەبێت ئەنجامی باشی نابێت، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی ئێمە، تیمەکانی قایمقامیەت لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بەدواداچوون دەکەن، ڕۆژانە بەھۆی سەرپێچییەوە دەیان شوێن دادەخرێن و سزا دەدرێن، ساڵانە بەدەیان کۆمپانیای گەورە دەدرێنە دادگە، ئەوەش ھەموو لە پێناو ھاووڵاتییانە، چونکە سوودمەندی یەکەم لەو بڕیار و بەدواداچوونانە ھاووڵاتییە.

ھەواڵی زیاتر