تەرخان کردنی کاتبۆ ئازیزانت

بەكر كەریم حەسەن*

(فوفنارغ) نووسەر و شاعیری ئەمریكی دەڵێ” ئێمە بۆ سەربەرزی لە دایك نەبووین گەر بێتو نرخی كات نەزانین “.
ڕێكخستنی كات و سوود وەرگرتن لە كات بە یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكان دادەنرێت بۆ سەركەوتن لە سەر ئاستی هەر تاكێك لە كۆمەڵگە، ئیدارە دان و ڕێكخستنی كات كۆمەلێك سوود و قازانجی كەسی و كۆمەڵگایی هەیە، چ لە ژیانی ئاسایی تاكەكان یان ژیانی كاركردن بە گشتی. لێرەدا باسی هەنگاوەكانی ڕێكخستنی كات و گرنگی و سوودەكانی ناكەین تەنها چوارچێوە گشتییەكەی كات لە ژیانی مرۆڤدا چەند گرنگە و بەستراوە بە هەموو بچووكی و گەورەیی ژیانمان، چوونكە كات هەموو دەستكەوتەكان و كارەكان دیاری دەكات، ئەوە كاتە خۆشەویستی و ڕێزگرتن و مانەوە و گرنگیدان بە گشتی لە سەر ئاستی تایبەت و كاری گشتی دیاری دەكات. بۆیە گرنگە كات تەرخان بكەین بۆ خێزان و منداڵ و ئازیزان و دۆست و خزم بە پێی پێویست و گرنگی و خۆشەویستی كەسەكان، بێگومان كاتی دوای ئیش كردن و كارە فەرمییەكان. كوردەواری دەڵێ” ئەوەی لە پێش چاوانە لە ناو دڵانە” جودا لە كەسە جێگیر و خۆشەویستەكان گەر هاتوو وەكوو پێویست نەبیندرێ، بەڵام لە قوڵایی دڵەكان جێگیرن هەردەم ئەوەی مەبەستمە زیاتر تەرخان كردنی كاتە بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان بە تۆیە و تۆیان لا گرنگە و تۆیان لا خۆشەویستە. بوونی تۆ لای ئەوان كاریگەری ڕاستەوخۆ و ڕیشەیی لە سەر دڵخۆشی و بەختەوەری ئەوان جێدەهێلێت. هەر بۆ نموونە باوكێك دیسان وەكوو جاران درەنگانی شەو گەڕایەوە ماڵەوە بە ماندوو بوونی و بێزاری زۆرەوە بینی كوڕەكەی كە تەمەنی (6)شەش ساڵان بوو چاوەڕێی دەكرد لای دەرگاكە لە باوكی پرسی باوكە دەتوانم پرسیارێكت لێ بكەم، باوكی گووتی بێگومان كوڕم بپرسە منداڵەكە گووتی” باوكە لە هەر كاتژمێرێك چەند پارەت دەست دەكەوێت، باوكی بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە پەیوەندی بە تۆوە چییە بۆ پرسیاری وا دكەیت، منداڵەكە گووتی” تەنها حەز دەكەم بزانم تخوا پێم بلێ باوكە، باوكە گووتی” لە هەر كاتژمێرێك(20)بیست دینارم دەست دەكەوێت منداڵەكە سەری هەژاند و گووتی” باوكە دەتوانی (10)دە دینارم بە قەرز بدەیتێ‌، باوکەكە توڕە بوو گووتی دەتەوێ یارییەكی بێ كەلك بكڕیت، باوكەكە یەكسەر چووە ژوورەكەی و چووە سەر جێگاكەی بیری لە كوڕەكەی كردەوە بۆ وا خۆپەرستە كە دەبینی من ماندووم و بە درێژایی ڕۆژ كار دەكەم كاتی ئەو جۆرە لێپرسینەوەم هەیە. منداڵەكەش بەبێ دەنگی چووە ژوورەكەی دەرگاكەی داخست و باوكەكەش زیاتر تووڕە تر دەبوو كاتێك بیری لەم پرسیارەی كوڕەكەی دەكردوە كە دەیەوێت پارە لە باوكی وەربگرێت. دوای زیاتر لە كاتژمێرێك باوكەكە هێور بووە وە بیری كردەوە لەوانەیە تووند بووبێت لەگەڵ منداڵەكەی، ڕەنگە پێویستی بە شتێك بووبێت بیكڕێت بەو (10)دە دینارە خۆ داوای پارەی زۆری نەكردوە، بۆیە باوكەكە دڵی نەرم بووە وە چووە ژووری منداڵەكەی و دەرگای كردەوە پرسی تۆ خەوتووی كوڕەكەم، منداڵەكە وەڵامی دایەوە و پێی گوت نەخێر باوەكە بە ئاگام، گوتی كوڕم بیرم كردەوە لەوانەیە ڕەقبووبم لەگەڵت كە دوای پارەت كرد لێم ئەمڕۆ ڕۆژێكی درێژ و پڕ ماندوو بوون بوو تووڕەیی خۆم بە تۆ دەركرد فەرموو بیگرە ئەوا(10)دە دینار كە داوات كردبوو، منداڵەكەش سوپاسی كرد و لە پێش باوكی دەستی بردە ژێر سەرینەكە (10)دە دیناری تری دەركرد و باوكی كە ئەو پارەی بینی، دیسان توڕە بوو هاواری كرد گووتی كە پارەت هەیە بۆ داوای پارەی ترم لێ دەكەیت. منداڵەكە وەڵامی دایەوە گووتی باوكە ئەوا (20)بیست دینار دەتوانم كاتژمێرێك لە كاتی تۆ بكڕم بەیانی زووتر بگەرێتەوە بۆ ماڵ و نانی ئێوارە لەگەڵ تۆ بخوین، باوكەكە تاسا و هاڕدرا باوەشی لە منداڵەكەی دا و بە گریانەوە گووتی حەق بەتۆیە و نابێ بهێلین هەر گیز كات لە نێوان پەنجەكانمان بە فیرۆ بچێت گەر هاتوو كاتی پێویست لەگەڵ ئەو كەسانە بە سەر نەبەین كە ئێمەیان لا گرنگە و ئێمەیان خۆشدەوێ و ئەو كەسانەی لێمان نزیكن و لە دڵ و هەستمان نزیكن لە دووریمان هەست بە بۆشایی ئێمە دەكەن.

*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر