یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

پرۆژەی ئەزموونیی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکێکی هەولێر راگەیاندرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی کارەبا دەستپێکی پڕۆژەیەکی ئەزموونی ڕاگەیاند كە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێرییە بۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شادی کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر.

بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە لە قۆناخێکی ئەزموونیدایە، هەماهەنگی پێویست لەگەڵ مۆلیدەکانی گەڕەک کراوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا.

مانگانە سەرجەم دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەکانی ئەم گەڕەکە تەنها یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دێتەوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لەڕێگەی کورتەنامە SMS ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی ڕێژەی بەکارهێنانیان، ئەمەش ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانیان بزانن.

ئەم پڕۆژە ئەزموونییە یارمەتیدەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان تێبگات، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری بەشێوەیەکی کارامە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات