سەد و یەک ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوێنێ ٢٤ی تەممووز ڕێک سەد و یەک ساڵ بەسەر واژۆکردنی یەکێک لە پەیماننامە هەرە قێزەونەکانی سەدەی ڕابردووی زاینی تێپەڕی، کە بەهۆیەوە بەشێک لە خەونەکانی کورد لەبار بردرا و ئەو مافانەی کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە چوارچێوەی پەیمانی سیڤەر بۆ کورد بەدی هاتبوون لە چوارچێوەی پەیماننامەی لۆزان بە تەواوی لەبیر کران. لەو کاتەوە کورد لە ژێر کاریگەریی ئەم پەیماننامەیە نەیتوانیوە ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ.

کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم
جەنگی یەکەمی جیهانی دوای چوار ساڵ بەربەرەکانێی خوێناوی، لە ١٩١٨ بە سەرکەوتنی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتی بەریتانیا و فەڕەنسا کۆتایی هات و ئیمپراتۆری عوسمانی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە. قۆناغی دوای جەنگ کۆمەڵێک پەیماننامەی جیهانیی بەخۆیەوە بینی کە لە دیارترینیان سیڤەر و لۆزان بوون.
پەیمانی لۆزان
پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٢٣ لە ئەنجامی کۆنگرەی لۆزان کە چەند جارێک لە سویسرا و شاری لۆزان ساز کرابوو واژۆ کرا و هەر لەبەر ئەمەش ناوی لۆزانی لێ نرا.
لەڕاستیدا کۆنگرەکە لە مانگی تشرینی دوومی ١٩٢٢دا دەستی پێکرد و لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٣دا لەبەر ئەوەی هیچ ئەنجامێکی نەبوو کۆتایی پێهات و بۆ کاتێکی تر هەڵگیرا. دواتر گفتوگۆکان لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٢٣ەوە درێژەیان پێ درا تا مانگی تەمووزی خایاند.
مەبەست لە کۆنگرەکە باسکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە لایەک و پرسی تورکیای نوێ و مافی کەمینەکان و یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانە بوو کە لە نێوان وڵاتانی براوەی جەنگ و تورکەکان یەکلایی نەببوویەوە. هەموو هەنگاوەکان بۆ ئەوە بوو پەیمانی سیڤەر چیتر کاری پێ نەکرێت و تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی چ لەگەڵ یۆنان و چ لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا و پرسی خاک پشت بە پەیماننامەیەکی نوێ ببەستێت.
مافەکانی کوردستان لە پەیمانی سیڤەر
وەک دەزانرێت لە پەیمانی سیڤەردا کۆمەڵێک مافی گرینگ بۆ کوردستان دیاری کرابوو، بەڵام پەیمانەکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا و تورکەکان دەیانزانی جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر دەبێتە سەرئێشە بۆیان بۆیە هەموو هەوڵەکانیان بەگەڕ خست تا ئەو خاڵانەی پەیمانی سیڤەر لابەرن و پەیمانی نویێ لۆزان هیچ ڕەنگدانەوەیەکی لە ناوەڕۆکی پەیمانەکە تێدا نەبێت.
لە ڕۆژی ١٠ ئابی ساڵی ١٩٢٠ پەیماننامەی سێڤەر واژۆ کرا. بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن و وڵاتانی هاوپەیمانیان کە لە جەنگی یەکەمی جیهانیی سەرکەوتوو ببوون ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنەکە کرد لە بەرانبەریشدا نوێنەرانی تورکیا بەشدار بوون و بەندەکانی پەیمانەکەیان پەسند کرد.
پێش واژۆكردنی سیڤه‌ر، بڕیار ئه‌وه‌ بوو كه‌ كوردستان بكرێته‌ به‌شێك له‌ ئه‌رمینیا یان توركیا و مافی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ته‌واوه‌تیان پێ بدرێت، كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فوراته‌وه‌ تا سنووره‌كانی ئێران درێژ ده‌بووه‌وه‌، به‌ڵام نوێنەرانی کورد لەوانەش شه‌ریف پاشا بەمە ڕازی نەبوو. شەریف پاشا پێشتر به‌رپرسێكی باڵای عوسمانییه‌كان بوو. لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکە هه‌مووان ڕازی بوون كه‌ مافی ده‌وڵه‌ت بە کۆمەڵێک مەرجەوە بە کورد بدرێت.
پەیمانی سیڤەر پەیمانێکی گشتگیر و بەرفراوان بوو کە لە سەر زۆربەی پرسەکانی پێوەندیدار بە ئیمپراتۆری ڕووخاو بە مادەی تایبەتیی کێشەکانی یەکلایی کردبووەوە. ئەوەی زیاتر پێوەندی بە کوردەوە هەبوو سێ مادەی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ بوون.
ماددەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤
بەگوێرەی مادەی ٦٢ لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لە ئیستانبوڵ دەبێت و لە سێ ئەندام پێک دێت، لە هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵات و مافە بۆ کورد شەش مانگ دیاری دەکرێ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی کوردیان تێدایە و کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فوڕات و باشووری خۆرئاوای ئەرمینیا و ئەو شوێنانەی دواتر دەستنیشان دەکرێن. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا لە سووریا و عێراق، دیاری دەکرێت، کە لە دەقی دووەم و سێیەمی بڕگەی دووی بەندی ٢٧دا هاتووە. بەڵام لە کاتی ڕێکنەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیژنەکە حکوومەتەکانیان ئاگادار دەکەنەوە. پێویستیشە ئەم پرۆژەیە گەرەنتی تەواوی مافەکانی کلدان و ئاشووری و کەمایەتی ڕەگەز و ئایینی دیکەی نێو ئەم ناوچانە بکات، لەبەر ئەوە لیژنەیەک لە نوێنەرانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا وئێران و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین و بڕیاردانی ڕاستکردنەوەکە، ئەگەر پێویست بوو دەربارەی سنووری تورکیاش بڕیار بدرێت. چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری ئاماژەپێکراو، لەگەڵ ئێران-یشدا پەیڕەو دەکرێت.
وەک لە مادەی ٦٣ دا هاتووە حکوومەتی عوسمانی، لەمڕۆوە پەیمان دەدات لە ماوەی سێ مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنە، کە لە بەندی ٦٧دا باس کراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات.
بە پێی مادەی ٦٤ ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچەیەی دەستنیشان کراوان، کە لە بەندی ٦٢دا هاتوون، داوایەکیان پێشکەش بە کۆمەڵەی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیا ببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پەسندی بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو داوایە جێبەجێ بکات و دەستبەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا، ئەم دەستبەرداربوونەش بە درێژی، بابەتێکی تایبەتی دەبێت لە نێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەستبەرداربووندا، هیچ بەرهەڵستییەک لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمان، ناخرێتە بەرامبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکوومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەک بگرن.
ڕووداوەکانی دواتر
ئەو پەیمانە باشترین پەیمان بوو کە مافی دەوڵەتی بە کورد دا بەڵام ڕووداوەکانی دواتر ئاراستەی پەیماننامەکەی گۆڕی و ڕێگری کرد لەوە پەیماننامەکە جێبەجێ بکرێت. تورکەکان کە دواتر بە کەمالیستەکان ناسران ئەوکات کە باش لە دەرهاویشتەکانی سیڤەر تێگەیشتبوون، هەموو هەوڵێکی خۆیان بەگەڕ خست کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بەلاڕێدا بەرن و کورد بە بەشێکی دانەبڕاو لە تورک حساب بکەن و بۆ ئەو ئامانجەشیان سوودیان لە کۆمەڵێک بەکرێگیراوی کورد وەرگرت و وایان لە وڵاتان گەیاند کە کورد خۆیان بە تورکی کێوی دەزانن و دەیانەوێت هەر لە چوارچێوەی تورکیای نوێدا بمێننەوە.
لۆزان ئەوەندە مافەشی نەهێشت کە لە سیڤەردا دیاری کرابوون. لەم کۆنگرەیەدا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ وکێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی وڵاتان خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتی توركیا کە دەڵێن بە ڕەچەڵەک كورد بووە وەك نوێنەری حكوومەتی توركیا بەشدار بووە، لۆرد كرزۆن سیاسەتمەداری ناسراوی ئینگلیزی وەك نوێنەری حكوومەتی بەریتانیا لەسەر پرسی ویلایەتی مووسڵ كەوتنە گفتوگۆوە. ئەو گفتوگۆیانە بە بەشداری نوێنەرانی تر و فەرماندەکانی سەربازی درێژەیان پێ دراوە.
دەوڵەتی تورك چەند ئەندام پەرلەمانێكی كوردی بۆ كۆنگرەكە ناردبوو بۆ ئەوەی پیشانی بدەن ئەمانە نوێنەری كوردن هاتوون بۆ ئەوەی لەكۆنگرەكەدا بە ڕەزامەندی خۆیان، ئەوە ڕابگەیەنن كە بخرێنە سەردەوڵەتی توركیا و ئاشکرایە ئەوانە گوزارشتیان لە کەمالییەکان دەکرد، نەک کورد.
پەیمانی لۆزان بەهیچ شیوەیەك ناوی كورد و كوردستانی تێدا نەهاتووە، ناوی ئەرمەنی تێدا نەهاتووە، تەنانەت باس لەسیڤەریش ناكات، بەڵام ناوەڕۆكەكەی هەڵوەشانەوەی پەیمانی سیڤەرە، تەنانەت لەو ڕێكەوتننامەیە ئەوەندەی كە قازانجی گرووپە نامسوڵمانەكانی تێدابوو ئەوەندە قازانجی كەمینە مسوڵمانەكانی تێدا نەبووە، بۆ نموونە لە پەیمانی لۆزاندا كورد جگە لەوەی وەكو نەتەوە ناوی نەهاتووە و دانیشی پێدا نەنراوە، تەنانەت وەكو كەمینەیەكی بچووكیش لەتوركیا دانی پێدا نەنراوە، چونكە یەكێك لەخاڵەكان ئەوەیە كە دەبێت توركیا مافی زمانەوانی و مافی كەمینە نامسوڵمانەكان دابین بكات، لەبەر ئەوە كورد مسوڵمانە ئەم خاڵە نایگرێتەوە تەنانەت خوێندنی زمانی كوردیشی بۆ كورد نەسەلماندووە.
بە پێچەوانەی سیڤەر بە هیچ شێوەیەک لۆزان باسی لە مافی کورد نەکرد و دواجار کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕووخاوی عوسمانی بەسەر هەر سێ وڵاتی تورکیا و عێراق و سووریا دابەش بوو.
لەو کاتەوە کورد بە دەیان شۆڕش و ڕاپەڕینی کردووە بەڵام زۆربەیان سەرکوت کراون هەر چەندە دەستکەوتیش لە قۆناغی جیاواز بەدی هاتوون بەڵام هیچ کامێکیان بە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ کۆتاییان نەهاتووە.

ھەواڵی زیاتر