دوێنێ، نۆزدەیەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە نێونیشانی “یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی خوێندنەوە و هەڵوێست” لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو.
لە گفتوگۆکەدا كە هەریەک لە “سەعد ئەلمەتڵەبی، یادگار سدیق گەڵاڵی، نەهرۆ ڕەواندوزی، د. ئەردەشیر پەشەنگ – بەسكایپ، د.مەناف ئەلموسەوی، د.گۆڤەند شێراوانی، د.فازڵ نەبی، د.فەهمی محەمەد عەلی، شهریار شێخلەر، د.زاهیر مەجید، د.ئەحمەد گەیلانی ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” ئامادەبوون، سەرەتا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانیە لەسەر سكرین بۆ ئامادەبووان نمایشكرا كە بازنەی گفتوگۆ لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئامادەیكردبوو و تیایدا ڕای ئەكادێمیست و پسپۆڕانی بواری یاسای نەوت و گاز وەرگیرابوو.
لە گفتوگۆکەدا ئامادەبووان زۆر بە ڕاشكاوی هەڵوەستەیان لەسەر ئەو ئاریشە و تەنگژانە كرد كە بەهۆی بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵیەوە بۆ یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دروستبووە، بۆ ئەمەش ئاماژەیەكی وردیان بەو ماددە دەستوورییانە كرد، كە نەوت و گازی وەك سامانی هەموو عێراقیەكان ئاماژە پێكردووە، بەڵام بەڕێوەبردنی ئەم سامانە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حكوومەتی فیدڕاڵی هێناوەتە دەرەوە و كردوویەتی بە هاوبەش لەگەڵ هەرێم و ئەو پارێزگایانەی بەرهەمهێنەری نەوتن.
لەبەشێكی دیكەی ئەم گفتوگۆیەدا، بەشداربووانی گفتوگۆكە جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە عێراق بەپێی دەستووری ساڵی 2005 دەوڵەتێكی فیدراڵییە و لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵات و داهات دامەزراوە، لەم چوارچێوەیەشدا ناكرێت لە پرسی نەوت و گاز بە تێروانیێكی سەنترالیزم مامەڵە بكرێت،
جێگەی ئاماژە پێكردنە، پوختەی ئەم گفتوگۆیە لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری گوڵان لە ڕۆژی 5ی ئاب بڵاودەکرێتەوە.