بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بە هیچ ڕێگایەک ناتوانن خۆیان لە چنگی هێزە ئەمنییەکان دەرباز بکەن

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان ڕاگەیاند، کە بە تەکنیکێکی نوێ هەوڵی گواستنەوەی ماددەکەی دابوو

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند؛ دەستیان بەسەر 44 ‘مەلزەمە’ی ڕووپۆشکراو بە ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ)دا گرتووە. ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، لە تاقیگەی پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی، پشکنین بۆ ‘مەلزەمە’کان کراوە، “ئەنجامی پشکنینەکانی تاقیگە دەریانخستووە ژمارەیەک ‘مەلزەمە’ بە ماددەی (ئەمفیتامین) کریستاڵ ڕووپۆش کراون”.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، چالاکییەکەی بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگیریی پێشوەخت و پاش بەدواداچوون و چاودێریی وردی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، کرا.
ئاماژە بەوەش کراوە، “بازرگانان ویستوویانە بە تەکنیکێکی نوێ ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەی ترانزێت بیهێننە هەرێمی کوردستان و بیگوازنەوە بۆ وڵاتی بەریتانیا، بەڵام بە لێهاتوویی هێزەکانی ئاسایش و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانرا تۆمەتبارێک دەستگیر بکرێت و سەرجەم ‘مەلزەمە’کان دەستی بەسەردا بگیریت”.
ئێستە تۆمەتبار بە ماددەی (26) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.

ھەواڵی زیاتر