خلیجەكانمان دانەمەزراون

مەشخەڵ كەوڵۆسی

هیچكەس نكولی لەو ڕاستییە ناكات كە كۆی كون و قوژبنی ژیان لەم هەرێمەدا، پێویستی بە دەستكاری و چاكسازی هەیە. كێ هەیە ڕازی بێت لەوەی دەگوزەرێت؟.
گومانم هەیە لەوەی مرۆڤێكی ژیر و كامڵ هەبێت، ڕازی بێت لەوەی لەناوەڕاستی قرچەی نیوەڕۆی ڕۆژێكی گەرمی هاویندا، لەناكاو كارەبا ببڕێت؟ كێ ڕازییە لەوە؟ كێ ڕازییە لەوەی بە 65 ڕۆژ مووچە وەرنەگیرێت؟ كێشەكانی كوردستان وەكو ژمارەی سروشتی وان و كۆتاییان نیە و، ئێمە ناتوانین لیستێك ئامادە بكەین و بڵێن: ئەمانە كێشەكانی ئێمەن. لەڕاستیدا لەهەناسەدانیشماندا كێشەی كوشندە هەیە. لەچركە بەچركەی ژیانماندا كێشە هەیە…هتد.
بەلای منەوە ئەو كێشانە سەرخانی كێشە سەرەكییەكەی ژیانی ئێمەن. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، كۆمەڵێك حیزب و نوسەر و كەسایەتی میدیای پۆپۆلیست یاری لەئاوی لێڵدا دەكەن.. بەئامانجی سیاسی و بە پاساوێكی زانستی لاواز و شەرمن، ئۆباڵی كۆی كێشەكان دەخەنە ئەستۆی سەركردەكان..
گرەوی ئەوان لەسەر ئەوە نیە ئەو قسەیە تاچەندە ڕاست و زانستییە. بەڵكو گرەوی ئەوان لەسەر ئەوەیە خەڵك بێ وردبوونەوە بڕوا بەچی دەكەن و بەچی هان دەدرێن. ئەوان وەبەرهێنان لەسەر گەمژاندنی خەڵك دەكەن. یەكەم هەنگاوی حیزب و گروپ و دەستەو تاقم و میدیا و نوسەر و پەرلەمانتێری پۆپۆلیست، ئەوەیە كار لەسەر قووڵكردنەوەی جەهل دەكەن. ئینجا دووبارە جەهل بەرهەم دێننەوە.
من لێردەدا وەك نمونە ئاماژە بەم بابەتە دەدەم و لێرەوە پێوانەی هەموو دۆسیە و كێشەكانی تر بكەین:
لەمەسەلەی دامەزراندندا، كێشەی سەرەكی ئەوەیە بەلێشاو خەڵك دامەزراوە، بێ ڕەچاوكردنی میلاك، بێ ئەوەی فەرمانگەكان ئەو ڕێژە زۆرەی فەرمانبەریان پێویست بێت یاخود كارێك هەبێت فەرمانبەر بیكات! باشم لەبیرە، هەركەس بەڕێوەبەرێكی بناسیایە، لیستێك ناوی دەبرد و داوای دەكرد (مناڵەكانی ئێمەش دانەمەزراون قوربان بۆمان دابمەزرێنن) بە لێشاو ناو هەڵدەواسرا و بەسەدان و هەزاران كەس ڕۆژانە دادەمەزرێنران!.
هۆكاری ئەم كێشەیە، بەپلەی یەكەم سەقافەتە كۆمەڵایەتییەكە، بەپلەی دووەم نەزانی بەڕێوەبەرەكان، بەپلەی سێیەم سیاسەتی حیزبەكان بۆ ڕازیكردنی خەڵك…هتد.
سەیر دەكەین حیزبە پۆپۆلیست و كۆڵەوارەكان، دێن ڕەخنە لەوە دەگرن كە بۆچی ئەو هەموو خەڵكە دامەزرێنراون؟ كەچی هەرخۆیان دێن سەری زمان و بنی زمانیان ئەوەیە: بۆچی حكومەت خریجەكان ( جا دەشڵێن خلیجەكان) دانامەزرێنێت؟ سەیری ئەم پۆپۆلیزمە مەترسیدارە بكە. چۆن جەهل بەرهەم دێنن و سەرمایەگوزاری لەسەر گەمژاندنی خەڵك دەكەن.
ئەگەر كارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ دامەزراندی ئەو خەڵكە زۆرە هەڵەیە. ئەوە مانای چی دێیت دووبارە خەڵك هان دەدەیت لەوەی حكومەت دایان نامەزرێنێت؟ لەلایەكەوە ڕەخنە لە زۆری دامەزراندن دەگریت، لەلایەكی ترەوە دەتەوێت دووبارە خەڵكێكی زۆرتر بەبیانوی ئەوەی خۆتان واتەنی (خلیجن)! دابمەزرێنرێن.
هاوكات دێن باسی تور و فیقەنەش بكە، ئەوەیان خستۆتە ناو خەڵك دەڵێن: سەركردەمان نیە! خەتای سەركردەكانە! ئەم قسە منداڵانە و سیاسییانەی پۆپۆلیستییە. هیچ ڕاستییەكی تێدانیە.
هەر لەمەسەلەی دامەزراندندا، ئەم نمونەیە دێنمەوە و پێم وایە وەڵامی كۆی پرسیارەكانمان دەداتەوە: بەرپرسێكی باڵا گوتی: تاكو دوو سەعات باسی گەندەڵی و واستە و دامەزراندنی زۆر و كێشەكانی تر دەكات، لەكۆتاییدا لیستێكی ناو دەردەهێنێت و دەڵێت: مناڵەكانی ئێمە كەسیان دانەمەزراون، بەڵكو شتێكمان بۆ بكەیت. سەیر ئەكەم دەیان ناوی هێناوە، تەنانەت هیچ ماڵە خزمێكی لێ دەرنەكردووە!. باشە تۆش سەرۆكوەزیران بیت، لەم مەوقیفەدا چی دەكەیت؟ ئەمە خەتای سەقافەتی كۆمەڵگەیە یان چی؟ خەتای سەركردەكانە مامە حاجی ئەم كارە دەكات؟ وەڵام بۆ خوێنەران بەجێدێڵم…

ھەواڵی زیاتر