بەسەرهاتەكانی ژیانبەهۆی فەیسبووكەوە شەوێكیان بەند كردم

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

من و دادوەرێ بەهۆی فەیس بووكەوە بووینە هاوڕێی یەكدی و بەردەوام كۆمێنتی جوان جوانمان بۆ یەك دەنووسی..ئەو لەشارێ دەژیا و منیش لەشارێكی تر، ڕۆژێكیان لەڕێی ماسنجەرەوە پەیوەندی پێوە كردم، زۆر خۆشحاڵ بووم، خۆشحاڵی خۆمم بۆ ئەو پەیوەندیەی دەربڕی، تاوێ دوان لە دەرگای گەلێ باس و خواسماندا، پێش ئەوەی كۆتایی بەو پەیوەندیەبێ، پێی وتم: حەز دەكەم لەنزیكەوە بتبینم و گوێ لەقسە خۆشەكانت بگرم، بۆیە دەبێ بێیە سەردانیم و داوەتمبی و هەر كە هاتی خۆت بەو پۆلیسەی بەر دەرگا بناسێنەو یەكسەر وەرە ژوورەوە، خۆشم پێیان دەڵێم رات نەگرن.
منیش رەزامەندیم بۆ ئەو سەردان و ئەو داوەتە دەربڕی، بۆ رۆژی دواتر،جوان خۆم گۆڕی و بەسەیارەوە بەڕێ كەوتم، كاتێ گەیشتمە جێ، گەراجێكی نزیك دادگاكە تەواو پڕ ببوو، جێی هاتنە وورەوەی سەیارە نەمابوو، بەناچاری لەلایەكەوە رامگرت و بەدڵخۆشیەوە بەپێی ئەو ئەدرێسەی پێی دابووم، چوومە ئەو شوێنەو چوومە بەردەم ئەو ژوورەی لێی دادەنیشت و دادگایی خەڵكی دەكرد، پۆلیسێ بەپۆزەوە لەسەر كورسیەك دانیشتبوو، دیقەتی ئەملاو ئەولاو هەموو ئەوانەی دەكرد كە بەبەردەمی گوزەریان دەكرد، سێ چوار كەس لەوە دەچوو بەشەڕ هاتبن، كێشەیەكیان هەبووبێ، لەچاوەڕوانی ئەوەدابوون ببردرێنە ژوورەوە، من خۆم بەو پۆلیسەی بەر دەرگاكە ناساندو پێموت: وابزانم جەنابی حاكیشم پێی وتوون كە هاتم یەكسەر بچمە لای. پۆلیسەكە لەبەرم هەڵساو بەدەم زەردەخەنەیەكەوە وتی: راست دەكەی بەیانی كە هاتە ئێرە باسی تۆی كرد، جا ئەگەر ئەزیەت نەبێ قیچێ بوەستی ئەوە حاكمێكی هاوڕێی لەلایە، هەر كە رۆیشت بەسەرچاو لەگەڵ ئەو نەفەرانە دەتنێرمە ژوورەوە.
منیش سەرم بۆی لەقاند وەك پێی بڵێم: تەواو تەواو، چاوەڕێ دەكەم.
كاتێك حاكمەكە هاتە دەرەوە، پۆلیسەكە لەگەڵ ئەوانەی بەشەڕ هاتبوون، بەمنی وت: فەرموو قوربان، فەرموو بچووە ژوورەوە. بەخۆشحاڵیەوە پێم هەڵێناو لەگەڵیان چوومە ژوورەوە، دەستم بەرز كردەوەو سەلامم لێی كرد وامزانی دەمناسێتەوە، كەچی وەك كەسێكی نامۆی بینیبێ، نە سەلامەكەمی وەرگرتەوە، نە هیچێ، بگرە بەتووڕەییەوە پێی وتم: دەی بەجوانی بوەستە.
ناچار لەگەڵ ئەوان وەستام، لەدڵەوە بەخۆمم وت: ئەوە چ قسەیەك بوو كردی ئەوەیە پێشوازیە گەرمەكەی؟ ئەوەیە داوەتەكەی؟
لەچاوەڕوانی وەستام بەڵكو ئیشی و كاری ئەوانە یەكلایی بكاتەوە ئەوجا باشتر خۆمی پێ بناسێنم كە دڵنیام نەیناسیمەوە رەنگە لەوەدا ناهەقی نەبێ چوونكە وێنەی سەر فەیس بووكەكەم نەختێ كۆن و لەدوورەوە گرتووە، سەیرێكی كاغەزەكانی ناو فایلەكە كردو بەقەڵەمەكەی دەستی هەندێ شتی لەسەر نووسی و جەرەسێكی لێدا، پۆلیسێكی تر هاتە ژوورەوە، ئەو پۆلیسە نەبوو كە لەبەر دەرگاكە لەسەر كورسیەكە دانیشتبوو، كەوتی: بەڵێ گەورەم.
ئەویش فایلەكەی رادەست كردو پێی وت: بیانبە.
من لەجێی خۆم نەجووڵام، وتم: قوربان من. بەهەڕەشەیەكەوە وتی: تۆ چی؟ دەی لەبەرچاوم ون بە. پێموت: ئاخر من….. نەیهێشت قسەكانم تەواو بكەم وتی: دەی دەمت داخە، دەی بۆ دەرەوە.
پۆلیسەكە بەپالدان منی لەگەڵ ئەوانی تر بردە دەرەوە، هەرچەندە بەپۆلیسەكەم وت: من لەگەڵ ئەوانە نیم، من لەوانە جیام، جەنابی حاكم خۆی تەلەفۆنی بۆ كردووم بچمە سەردانی كەچی. پۆلیسەكە قسەكەی لەدەم قۆستمەوە وتی: من ئەمەو ئەوە نازانم چیە، جەنابی حاكم چیبڵێ ئەوە جێ بەجێ دەكەین، ئەگەر شتێكی لەو جۆرە هەبوایە ئەوە خۆی دەیوت مەڕۆ مەیبەن با لێرە بمێنێتەوە، دەی بكەوە پێشێ.
بەسێ پۆلیس منیان لەگەڵ ئەوانیتر سواری سەیارە كردو بردراینە بنكەیەكی پۆلیس نەمزانی كوێیە؟ گەلێ خەفەتم خوارد چۆن بەدەستی خۆم قوڕم بۆ خۆم گرتەوە ئاخر من چ ئیشم بەو سەردان و ئەو داوەتەیە خۆ لەماڵەوە پارووە نانێ هەبوو بیخۆم هەر ئەو پارەی بەبەنزینم داوە كیلۆیێ دوو كیلۆ گۆشتم پێی دەكری و بەتێرو پڕی لەگەڵ مناڵەكانم بەیەكەوە دەمانخوارد، ریش كە داتنا، دەبێ شانەی بۆ هەڵگری.
ئێوارە داهات كەس نەبوو شەكوای دڵی خۆمی بۆ بكەمەوە، ئەو شەوە تا بەیانی لە گەرماو لەخەفەتان خەوم لێ نەكەوت بزانە بۆ چی هاتم، تووشی چی بووم؟ ئەو ژوورەی لێی بەند كرابووم خەلكانێكم ناسی، هەر یەكە بەسەرهاتێكی هەبوو، كە من بەسەرهاتی خۆمم بۆ باس كردن، واقیان وڕما، گەلێ پێكەنین.
نەمزانی چۆن ئەو شەوەم كردەوە، بەیانی داهات، كاتێ ئەفسەری ئێشكگر هات و گەڕێكی ناو زیندانیەكەی دا، پێموت: بێ زەحمەت دەتوانی یارمەتیم بدەی؟ سەیری نێوچاوانی كردم و بەپۆزێكەوە وتی: یارمەتی وەك چی؟ منیش لە نووكەوە بەسەرهاتی خۆم و حاكمەكەم بۆی گێڕایەوە.
ئەفسەرەكە بەو قسانە چاوی زەق بۆوە پێی وتم: خۆ لەو قسانەی كردت، كلاوات ناكەی؟ وتم: نەبەخوا ئەوە لەمن ناوەشێتەوە حەز دەكەی تەلەفۆنی بۆ بكە ئەگەر وانەبوو بەداران بكەوە گیانم و تێرو پڕم لێدە، فەرموو بزانە من فایلم لێرە هەیە یان نا وەك ئاماژەیەك كە كێشەیەكم هەبێ؟
ئەویش پرسیاری ناومی كردو داوای لە مفەوەزەكان كرد فایلەكەی بۆ بێنن، پێیان وت: لێرە هیچ فایلێ بەو ناوە نیە تەنها ئەوەندە نەبێ جەنابی حاكم لەگەڵ ئەوانەی بەشەڕ هاتوون ئەویشی بەگەریان خستووە.
ئەفسەكە نەختێ سەری لەقاندو خودی خۆی منی بردە لای جەنابی حاكم و پێی وت: قوربان ئەو برادەرە ناوی شاخەوانەو هاوڕێتە لە فەیس بووك هاتۆتە سەردانیت.
ئەویش نەختێ سەرنجی لێ گیر كردم و یەكسەر لەبەرم هەستا و هاتە پێشوازیم، ئەملاو ئەولای ماچ كردم و وتی: یاخوا بەخێربێی، تازە هاتووی؟
منیش هەناسەیەكی قووڵم هەڵكێشاو بەسەرهاتی دوێنێی خۆمم بۆی گێڕایەوە، بەبیستنی ئەو قسانە زۆر پەست و نیگەران بوو، وتی: ببوورە بەخوا بەهۆی ئەوەی وێنەی پرۆفایلی فەیس بووكەكەت نەختێ كۆنە نەتمناسیەوە، بەراستی خۆم بەخەجاڵەتت دەزانم.
وتم: توخوا ئەو قسەیە مەكە، دوژمنت خەجاڵەتبێ.
ئەوجا بەئەفسەرەكەی وت: تۆ دەتوانی بڕۆی ئەوە میوانی منە. چەند فایلێك هەبوون هەمووانی رایی كرد، ئەوجا هەستاو وتی: فەرموو كاك شاخەوان با بڕۆین. بەیەكەوە چووینە بازاڕو بۆ نیوەڕۆ داوەتێكی باش و نایابی كردم و پاشان چووینەوە ماڵیان، لەوێش نەختێ پشوومان داو تاوێ دوان قسەی خۆشمان كرد، ئەوجا بەداوای لێبوردنەوە پێموت: دەبێ بمبووری، دەبێ بگەڕێمەوە چوونكە بەهۆی گەرماكەی دوێنێ شەوێ نەختێ ناساغم و ماڵەوەش لەچاوەڕوانی گەڕانەوەمدان.
ماڵئاواییان لەیەك كردو ئەو رۆیشتنەی رۆیشتم، جارێكی تر نەچوومەوە لای، لەو رۆژەوە نە ئەو لەفەیس بووك كۆمێنتی بۆ دەنووسیم و نە من كۆمێنتم بۆی دەنووسی. بڕیاریشمدا لەمەودوا هەر كەسێ دەستڕۆیشتووبێ و داوای هاوڕێیەتیم لێ بكات، وەری نەگرم.

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی/ شارۆچكەی تەق تەق