یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ئەمەریکا: پابەندین بە یارمەتیدانی پێشمەرگە بۆ شکستپێهێنانی داعش

ئەفسەرێکی باڵای ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاساییش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا ڕایگەیاند: بەردەوام دەبن لە پابەندییەکانیان بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و تواناکانیان بۆ ئەوەی داعش هەمیشە شکستخواردوو بێت.

سێشەممە 23ـی تەممووزی 2024، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا  بڵاوی کردووەتەوە، کۆڵۆنێل گاڤن ڕایس لە ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاساییش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لەگەڵ  فەرماندەی لۆجیستی دهۆک لیوا ئەیاد و فەرماندەی لەشکری سێ، عەقید هاشم سیتەی کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هاوبەشییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ باشترکردنی تواناکانیان.

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمە ئەمریکیەکان لە مەیدانن لە کۆگا لۆجیستیەکانی دهۆک، بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی و ڕاهێنان بە پێشمەرگەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا پاسەوانەکانی هەرێم.

دەشڵێت: بەردەوامین لە پابەندیمان بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و پێشخستنی تواناکانیان لەپێناو دڵنیاییدان لەوەی بە سەرکردایەتی عێراق، داعش شکستخواردوو دەمێنێتەوە.