ئێران 4 كوردی له‌ سێداره‌دا

 لەگەڵ دوایین ڕۆژی ساڵی 2021ی زایینی سزای سێدارەی 4 بەندکراوی كوردی خەڵکی شارەکانی ئورمیە، سەڵماس و خۆی بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.
 رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌: بەرەبەیانی دوێنێ هه‌ینی 31 ى 12 ى 2021، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بە ناوەکانی موقەدەم عەلیزاده، حوسێن عەباس زاده، حەمدوڵڵا عالەمی و فەیزوڵڵا قوربانی کە هەر چواریان بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.
هه‌نگاو راشیده‌گه‌ێنێت: ئەم چوار بەندکراوە ڕۆژی چوارشەممە 8ی بەفرانبار هاوڕێ لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ڕەشید وەتەن دووست لە بەندی 1 و 2 ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گوازرابوونەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕەشید وەتەن دووست ڕۆژی پێنج شەممە دوای ئەوەی مۆڵەتی لە بنەماڵەی کوژراوەکە وەرگرتووە، بۆ بەندەکەی خۆی گەڕێندراوەتەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2021 دا لانیکەم سزای سێدارەی 48 هاووڵاتی لە شارەکانی کوردستان جێبەجێ کراوە کە 31 حاڵەتی بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

ھەواڵی زیاتر