کارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بە خێرایی بەڕێوە دەچن

دوای ئەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دا بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، لە سنووری بەشێک لە شارەوانییەکانی پارێزگای هەولێر دەست کراوە بە ڕووپێوکردنی زەوییەکان لە سنووری شارەوانییەکان.

لەم بارەوە هەردی ئەحمەد، سەرۆکی تیمی دیزاین لە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند:دوای جەردی زەوییەکان لە سنووری شارەوانییەکان بۆمان دەرکەوتووە کە 45 هەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و دەتوانن فۆرم پڕ بکەنەوە.

ئێستا لە زۆربەی شارەوانییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی هەولێر نەخشە بۆ کەرتی ئەو زەویانە ئامادە کراوە کە بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت، زۆربەی شارەوانییەکان کارەکانیان تەواو کردووە.

گوتیشی: بەگوێرەی ڕێنماییەکان هەر فەرمانبەرێک ڕووبەری 200 مەتری دووجا زەوی پێ دەدرێت.

ستافی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر لە سنووری شارۆچکەی کۆیە سەرقاڵی ڕوپێویی زەوییەکان بوون و گوتی: دوای کاری ڕووپێویی، هەنگاوی دانانی نەخشەی کەرتییە بۆ زەوییەکان و پاشان دەدرێتە بەشی پلانسازی و دوای وەرگرتنی ڕای بەشەکە، ڕاپۆرتەکان دەدرێتە لیژنەی تایبەت بە سەرپەشتی دابەشکردنی زەوییەکان.

هەروەها کاروان خالید، ئەندازیار لە شارەوانی کۆیە گوتی؛ بە گوێرەی ئەو داتایانەی بە دەستی ئەوان گەیشتووە، نزیکەی شەش هەزار فەرمانبەرە، بەڵام ئەگەر هەیە دوای وردبینیی، پێدانی زەوی بەو فەمانبەرانی شایستەی پێدانی زەوین، کەمتر بێتەوە.

گوتیشی: ئێستا لەگەڵ ستافی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی هەوکێر سەرقاڵی ڕووپێویی زەوین بۆ دیاریکردنی ئەو زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر