به‌ گوژمه‌ی پتر له‌ 33 ملیار و 525 ملیۆن دینار چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر ئه‌نجامده‌درێن

ئەمڕۆ دووشەممە 22-7-2024 لە بارەگاى لقى16ى پارتى دیموکراتى کوردستان، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی16ی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەئامادەبوونی جێگری پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كان و قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحییەکانی دەوروبەری شاری هەولێر و بەرپرسانی لێژنە ناوچەکان و كارگێڕانی لقی16ـی پارتی، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، گوژمەی ( 33.525.000.000 ملیار دینار) بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ئاوه‌دانی له‌ سێكته‌ره‌كانی ئاو و كاره‌با و رێگه‌ و بان و قوتابخانه‌ و بنكه‌ی ته‌ندروستی لە دەورووبەری شاری هەولێر له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگا ته‌رخانكرا و له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیك ده‌ست ده‌كرێت به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ بەرپرسی لقی16ـی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆی بە تەرخانکردنی ئه‌و گوژمه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر نیشاندا و داواشیكرد هه‌ماهه‌نگییه‌كان بۆ گه‌یاندنی ده‌ستی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاریی بۆ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر به‌رده‌وام بن.
پاشان، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی بەبۆنەى سەرکەوتنى کۆنفرانسی ناوخۆیی پارتی، پیرۆزبایی ئاراستەی ئامادەبووان کرد، کە توانیان متمانەی بنکە جەماوەرییەکان بەدەست بهێنن و لە هەڵبژاردندا سەربکەون و هیواى سەرکەوتنى زیاتری بۆ خواستن و ئومێدیشی خواست بە گوڕ و تینی زیاتر لە جاران خۆیان بە خزمەتکاری هاووڵاتییان بزانن و لەناو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە نزیک بن.
دواتر بەشێک لە پلان و بەرنامەکانى پارێزگاى هەولێرى بۆ ساڵى 2024، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانى پەرەپێدان بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.
لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی16ی پارتی، لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژەکان و دەستى ئاوەدانى، تەئکیدیان لە سەر هەماهەنگی و کاری بەیەکەوەیی و هاوکارى زیاترى نێوان دام و دەزگاکانی حکوومەت و حزب کردەوە.