هه‌ولێر… یادی نووسه‌ر و ئازادیخوازی كورد شاكر فه‌تاح به‌رز راگیرا

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22-7-2024، به‌ ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و دكتۆر سالار عوسمان به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیری پارتی دیموكراتی كوردستان و ژماره‌یه‌كی زۆری رۆشنبیران و ئه‌دیبان و شاعیران و مامۆستایانی زانكۆ، له‌ رێوڕه‌سمێكدا یادی نووسه‌ر و ئازادیخوازی كورد شه‌هید شاكر فه‌تاح به‌رز راگیرا، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای كولتووری یاد رێكخرابوو.
دوای ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و رۆحی شه‌هید شاكر فه‌تاح، گوتاری ده‌زگای كولتووری یاد له‌لایه‌ن فازیڵ شه‌وڕۆ پێشكه‌شكرا، تێیدا رۆڵی شه‌هید شاكر فه‌تاح له‌ بواره‌كانی نووسین و سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب به‌رز نرخێندرا.
پاشان فیلمێكی دیكیۆمێنتتاری به‌ نێونیشانی (شاكر فه‌تاح قه‌ڵه‌مێكی شه‌هید) نمایشكرا، تێیدا باس له‌ قۆناغه‌كانی ژیاننامه‌ی شه‌هید شاكر فه‌تاح كرا.
پاشان له‌لایه‌ن نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس ئازاد عه‌بدولواحید وتاری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد پێشكه‌شكرا، تێیدا رۆڵ و پێگه‌ی گه‌وره‌ی شه‌هید شاكر فه‌تاح تیشكیخرایه‌ سه‌ر و وێڕای شرۆڤه‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی.‌
دواتر ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ میانی پێشكه‌شكردنی گوتارێك، ده‌ستخۆشی و ستایشی ده‌زگای كولتووری یادی كرد، بۆ رێكخستنی ئه‌و رێوڕه‌سمه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ یادی ئه‌و كه‌ڵه‌ نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌داره‌ی نیشتمان،‌ به‌ زیندوویی له‌ هزرمان ده‌هێڵێته‌وه‌.
پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، شه‌هید شاكر فه‌تاح شاكاری خۆ به‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان بوو له‌به‌رامبه‌ر جه‌ور سته‌م. گوتیشی: “به‌رهه‌م و نووسینه‌كانی شه‌هید شاكر فه‌تاح له‌ پێناو خۆشه‌ویستی نیشتمان و مرۆڤدۆستی بوو”.
هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، شاكر فه‌تاح پیاوێكی حه‌قبێژبوو تا ئه‌و ئاسته‌ی دووژمنان له‌ گۆڕه‌كه‌شی ده‌ترسان و به‌رده‌وام له‌ رێگه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی داوای چه‌سپاندنی ئازادی و دیموكراسی ده‌كرد.
دواجار له‌لایه‌ن دالیا شێركۆ شاكر فه‌تاح گوتاری بنه‌ماڵه‌ پێشكه‌شكرا، تێیدا رووناكی خرایه‌ سه‌ر وێستگه‌كانی ژیانی شه‌هید شاكر فه‌تاح.
له‌میانه‌ی رێوڕه‌سمه‌كه‌شدا دوو په‌نێڵ له‌باره‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی شه‌هید شاكر فه‌تاح هزر و بیركردنه‌وه‌كانی شه‌هید پێشكه‌شكران.