شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

دووەم کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان جه‌خت له‌سه‌ر كاری هاوبه‌ش ده‌كاته‌وه‌

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆتایی دووەم کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بڵاو كرده‌وه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 22ـی ته‌ممووزی 2024، نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆتایی دووەم کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر كاری هاوبه‌شی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و بازرگانان و ئه‌وانه‌یشی به‌ كاری ده‌هێنن.

هه‌روه‌ها له‌ خاڵێكی دیكه‌دا به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای نوێ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌كان دانراوه‌ به‌تایبه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنی تاوانباران و بازرگانان. جه‌ختیش له‌سه‌ر چاودێریكردنی ئه‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هۆكارن بۆ به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

هه‌روه‌ها هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاجیاكاندا به‌ پێویستییه‌كی دیكه‌ زانراوه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كان هه‌یه‌. داواش كراوه‌ بۆشاییه‌ یاساییه‌كان له‌ یاسای وڵاتانی به‌شداربووی كۆنگره‌كه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان پڕ بكرێته‌وه‌.

هاوكات تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر پێویستی دامه‌زراندن و كردنه‌وه‌ی چه‌ندان ناوه‌ندیی شیاندنه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان. هه‌روه‌ك به‌ پێویست زانرا سوود له‌ ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ وه‌ربگیرێت كه‌ توانیویانه‌ به‌سه‌ر مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا زاڵ بن.

دووشەممە، 22-07-2024، دووەم کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ماددەی هۆشبەر به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی هه‌ر یه‌ك له‌ عێراق، سعوودیه‌، ئێران، كوه‌یت، ئێران، سووریا و میسر بەڕێوە چوو.

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: “هەماهەنگیمان لەگەڵ وڵاتان کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان”.

سوودانی باسی لەوەش کرد “بازرگانانی ماددەی هۆشبەر هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان لاواز بکەن، هەروەها هەوڵی هەڵوەشانەوەی بناغەی کۆمەڵگەی ئێمە دەدەن، دەیانەوێت فەرهەنگ و پێکهاتەکانی خێزان لاواز بکەن. بازرگانانی ماددەی هۆشبەر گەنجەکانیش تووش دەکەن”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیشی کردەوە: “ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی لاوازکردنی وڵاتەکەمان، هەروەها ڕێگرییش دەکات لە بەرەو پێشبردنی عێراق و ئابووریش لاواز دەکات. ئەوەش ئەو ئامانجەیە کە دەمانەوێت ڕووبەڕووی ببینەوە، ئەگەر ستراتیجیی خۆمان دیاری بکەین، ئەوە دەتوانین سەرکەوتوو بین”.