شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بانگهێشتی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە ئازەربایجان کرا

سەفین دزەیی، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بانگهێشتی لوتکەی داهاتووی COP29 لە باکۆی ئازەربایجان کرا.

دووشەممە 22ـی تەممووزی 2024، سەفین دزەیی، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی ( ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ پێشوازی لە ناسر مامادۆڤ، باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق کرد و گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.

هاوکات باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق بانگهێشتنامەی وڵاتەکەی پێشکەش بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردووە بۆ بەشداریی کردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا COP29 کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.

لوتکەی جیهانیی کەشوهەوای ئەمساڵ وابڕیارە لە (11 تاوەکوو 22ـی تشرینی دووەمی 2024) لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەبچێت کە 29ـەمین لوتکەی جیهانییە بۆ گفتوگۆکردنی سەرکردەکانی جیهان لەبارەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی گەیشتە وڵاتی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا COP28.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، “خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت”.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستپێکی ئەو لوتکە جیهانییە، لە پەیامێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پێویستی بە کاری پێکەوەیی هەیە.

هاوکات خۆشحاڵی خۆی نیشاندا لەوەی بەشدارە لە لوتکەی 28ـەمینی جیهانی کەشوهەوا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو کارە گرنگە بکەنەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان ئەنجامی دەدەن.