داوا دەکرێت پێشێلکارییە یاساییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕابگیرێن

دوای ئەوەی لایەنی شیعە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە دانیشتنێکی نایاساییدا بڕیاری دوورخستنەوەی بیست و یەک یەکەی ئیداری سنووری نەینەوای دا دوای زیاتر لە دوو ھەفتە ھەموو بڕیارەکان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ھەڵوەشێنرانەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: لەسەر ھەڵوێستی خۆمان سوورین و بەمەرج دەگەڕێینەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا.

ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو، تەنگژەیەکی نوێ لە پارێزگای نەینەوا سەری ھەڵدا، دوای ئەوەی کوتلەی نەینەوای موستەقبەل کە لە کۆی ٢٩ کورسی، ١٦ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای ھێناوە، لە کۆی سی و یەک بەڕێوەبەری یەکە ئیدارییەکان، بیست و یەک بەڕێوەبەری لە کار لادا، ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی پارتی و کوتلەکانی دیکەی لێکەوتەوە، کە سێزدە کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگایان ھەیە، ھاوکات لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵەوە، تەواوی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕەت کرانەوە و بە نادەستووریی و نایاسایی لە قەڵەم دران.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە سازان و گفتوگۆ سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی ھەڵبژارد، دواتریش پارێزگار و جێگرەکانی، بۆیە لەسەر بنەمای سازان لایەنەکان ڕێککەوتوون، بەڵام لە کۆتا دانیشتنیدا بەبێ یەکەم و دووەم گەورەترین کوتلە دانیشتنێکی نایاساییان سازکرد، ئەوەش وای کرد گەورەترین کوتلە داوای دوورخستنەوەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن بکات.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە بیست و نۆ ئەندام پێک دێت، لە کۆتا دانیشتنیدا بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبوویەوە و بڕیاری دوورخستنەوەی بیست و یەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی دا، ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا و دواتریش ھەموو بڕیارەکان ھەڵوەشایەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان و کوتلەی سوننەکان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەن ھەڵپەسارد کە نزیکەی نیوەی ئەنجوومەن پێکدێنن، ئەوان داوا دەکەن بەشێوەیەکی یاسایی و بە گفتوگۆ پۆستەکان دابەش بکرێن. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بەخۆی بڕیارەکە، بڕیارێکی نایاسایی بوو، ناکرێت بە دانیشتنێکی چەند خولەکی بیست و یەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لابدەی بێ ئەوەی پێشتر دانیشتنێک کرا بێت و بزانی کێشەکان چین، بۆیە ئەوەی کرا نادەستووری و نا یاسایی بوو، بە فەرمی لە پەرلەمانەوە نووسراومان کردووە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پارێزگاری ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات.
ئەندازیار ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاشکرای کرد: دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ ھاوئاھەنگی، بیست و یەک پۆستی ئیدارییان لە نەینەوا یەکلایی کردەوە، ئێمەش بڕیارمان دا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن بکەین، تاوەکو ئەو بڕیارانە بەتەواوی ھەڵدەوەشێنەوە و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەشی کە کاری نایاسایی دەکەن لابدرێن و ڕێککەوتنێکی سیاسی بکرێت، ئەوکات دەگەڕێینەوە بۆ ئەنجوومەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، گوتیشی: لایەنە سیاسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕێککەوتبوون کە بە ھاوبەشی پۆستەکان لە پارێزگای نەینەوا دابەش بکرێن، بەڵام دواتر بڕیارەکانی کوتلەیەک دژی ڕێککەوتنەکان بوو، ئێمەش لەپێناو بەرژەوەندیی نەینەوا ئامادەین بە گفتوگۆ و یاسا بۆ مافی خۆمان ڕێککەوتن بکەین.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: ھاوسەنگی سیاسی لەنێوان لایەنەکان تێکچووە، بەھۆی بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییەکانی دانیشتنەکەی ٢ـی تەممووزی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
ئەندازیار ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، جەختی لەوە کردەوە، ھەندێک لایەنی پارێزگای نەینەوا دەیانەوێت بەشێوەیەکی نایاسایی و تاک لایەنانە پۆستەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە، ھاوکات ھەمیشە حەز دەکەن دژی پارتی و پێکھاتەکان بن.

ھەواڵی زیاتر