شاخەكانی كوردستان لە زبڵ و پاشماوەی فڕێدراو پاككرایەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

لەسەرتاسەری كوردستان و بە بەشداری دەیان گرووپی شاخەوانیی و كەسانی ژینگەپارێز، ھەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوەی چیاكانی كوردستان بەڕێوەچوو.

دوای ئەوەی ھەریەك لە”فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان” و “تۆڕی شاخەوانیی كوردستان”، لەچوارچێوەی كارە ھاوبەشەكانیاندا، ئاگادارییەكیان بۆ پاككردنەوەی شاخەكانی كوردستان لە پاشماوەی زبڵ و خاشاكی فڕێدراو بڵاوكردەوە، ئەو ھەڵمەتە بەشێوەیەكی بەرفراوان بەڕێوەچوو و خۆشبەختانە بەشێكی زۆری ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی گرتەوە و تیایدا چەندین تۆن زبڵ و خاشاكی فڕێدراو كۆكرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ شارەكان بۆئەوەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە لەشوێنی پێویست ژێرگڵ بكرێت.
لە راگێیەنراوێكی بەشی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستاندا هاتووە .لەو ھەڵمەتی پاككردنەوەیەدا، شاخەوانان و گرووپەكانی شاخەوانیی، جگەلەوەی ڕێڕەوە شاخەوانییەكانیان لە زبڵ و پاشماوەی فڕێدراو پاككردۆتەوە، ھاوكات گەشتی شاخەوانیی و كەمپینگی شەومانەوەشیان لە ناوچە شاخاوییەكان ئەنجام داوە.
“ھێمن ئەمین” سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان كە خۆیشی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەشداری لەو ھەڵمەتەدا كرد رایگەیاندووە “یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ڕێكخستن و جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە، جەختكردنەوەیە لەسەر گرنگی و بایەخی شاخەكان و ناوچە كوێستانییەكان و دروستكردنی زەمینەیەكی گونجاو و لەبارە بۆ مەبەستی گەیاندنی پەیامی ژینگەیی و پەرەپێدانی فەرھەنگی پاراستنی ئیكۆسیستمی كوێستانەكانە لەنێو خەڵكدا”.
ھێمن ئەمین گووتیشی”پاككردنەوەی شاخەكان تەنھا چەند ڕۆژێك نییە و بەس، بەڵكوو بابەتی ژینگەپارێزیی پڕۆسەیەكی بەردەوامە و ئەو ھەڵمەتەش بەردەوامی دەبێت. مەبەست لە دیاریكردنی ئەو ڕۆژەش، تەنھا ڕاكێشانی سەرنجی خەڵكە بە ئاراستەی گرنگی و بایەخی شاخەكان لە ژیانی مرۆڤەكاندا”.
سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم شاخەوانان و گرووپەكانی شاخەوانیی لەكوردستان كرد كە بەوپەڕی دڵسۆزی و دڵگەرمییەوە بەشدارییان لەو ھەڵمەتەدا كردووە و خۆشەویستی خۆیان بۆ شاخ و بابەتی ژینگە دووپات كردۆتەوە.
ساڵی ١٩٩١، لەشاری”ڕیۆدوژانیرۆ”ی وڵاتی بەڕازیل، لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیدا، ئیكۆسیستمی كوێستانەكان بە ناوچەیەكی ھەستیار و ناسك و لاواز پێناسەكران و سەرجەم جیھانیشیان لەوە ئاگادار كردەوە كە ئیكۆسیستمی كوێستانەكان دەبێ بە پێی پلانێكی گشتگیر و ھەمەلایەنە، لەلایەن حكوومەت و وڵاتانی جیھانەوە پارێزگارییان لێ بكرێت، بەڵام بەداخەوە كەمتر گوێ لەو بانگەوازە گیرا.
ھەرئەوەش وایكرد، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، (١١ی دیسامبر)ی ھەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیھانیی شاخ ناوزەد بكات. ئەم ناولێنانەش لە ٥٧مین دانیشتنی ئەندامانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی (٢٠٠٢) سەرچاوەی گرتووە.
ئامانج لە دیاریكردنی ڕۆژێك بە ناوی “ڕۆژی جیھانیی شاخ”، سەرنج ڕاكێشانی دانیشتووانی گۆی زەوییە لەو ھەموو بایەخ و گرنگییەی كە شاخ و ناوچە كوێستانییەكان بۆ مرۆڤایەتی و سەرجەم بوونەوەران ھەیەتی. لە كوردستانیشدا، فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، ساڵانە بە ئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆر، یادی ئەو ڕۆژە دەكاتەوە.

ھەواڵی زیاتر