سەعید خدر قادر، خاوەنی یەکەم ئامێری جەنجەڕ لە بازیان

ن: کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد

مرۆڤی کورد لە کۆنەوە بیری لە دروستکردنی ئامێری سەرەتایی کردۆتەوە بۆ کارئاسانی لە ڕاییکردنی کاروباری ڕۆژانەی خۆی، بەتایبەت گوندنشینانی کورد لە دروستکردنی ئامێرە کشتوکاڵیی و پیشەسازییە سەرەتاییەکان دەستێکی باڵایان هەبووە.
یەکێك لەو ئامێرە کشتوکاڵیانەی کە دروستکراوی کوردە و لە کۆنەوە گوندنشینان بەکاریان هێناوە، ئامێری جەنجەڕە، کە وەكوو پێویستییەکی گرنگ بە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا بڵاوبۆوە و کارئاسانییەکی باش بوو لە بواری ئامادەکردنی خۆراکدا ..
جەنجەڕ ئامێرێکی جووتیاری کۆن و دێرینی کوردە و تایبەتە بە هاڕینی گوڵەگەنم و جۆ، پێش پەیدابوونی دەڕاسە بەکارهاتووە و لە شێوەی ئەو کاردەکات، تائێستاش لە هەندێك شوێن کە دەڕاسەی ناگاتێ بەکاردێت، ئەم ئامێرە گەنم و جۆی پێکووتراوە لەسەر خەرمان، واتا بۆ جیاکردنەوەی دەنکە گەنمە لە گوڵەکەی، دواتریش کووتینی (کا)یەکە، کایەکەی کە کەوتۆتە سەرەوە بەکارهاتووە بۆ ئاژەڵ و گەنم و جۆیەکەش کەوتۆتە بنەوە، ئاژەڵێکی وەك: ئەسپ یاخود ئێستر یان گا یان گوێدرێژ ڕایدەکێشێ، لەناوەوەی جەنجەڕ چەند تیغێك هەیە دەسووڕێنەوە و گوڵەگەنمەکان دەهاڕن و وردی دەکەن، بۆ ئەوەی گەنمەکە لە قەسەڵەکە جودا ببێتەوە، ئەم ئامێرە لە دار و بزمار و ئاسن دروستدەکرێت.
بەهۆی تێکەڵاوی و هاتوچۆی گوندنشینانی کورد لەناویەکدا، بەزۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە، کاتێك جووتیارێك چۆتە ناوچەیەكی دیكه و ئەو ئامێرەی دیوە دەستبەجێ بیرۆکەی دروستکردنەکەی بردۆتەوە بۆ ناوچە و گوندەکەی خۆی یاخود ئەگەر دەستی کەوتبێت دانەیەکی کڕیوە و لەگەڵ خۆیدا هێناویەتییەوە چوونکە ئامێرێکی پێویست و گرنگ بووە و کارئاسانییەکی زۆر باش بووە بۆیان.
سەعید خدر قادر، خەڵکی گوندی توی ئەولیا لە قەزای بازیان، کە لەساڵی (١٩٩٦) کۆچی دواییکردووە، یەکەم کەس بووە جەنجەڕی هێناوەتە ناوچەی بازیان، هەربۆیە ناسراوە بە (سەعە جەنجەڕ)، ئەو کاتێك لە ساڵی (١٩٥٧) بۆ هەندێك کاروباری خۆی ڕێی دەکەوێتە شارۆچکەی دوزخورماتوو، لەوێ چاوی بەم ئامێرە دەکەوێت، پاش ئەوەی پرسیار لەبارەی جەنجەڕەوە دەکات و لە گرنگی ئامێرەکە تێدەگات بە تایبەت بۆ گوندەکەی و ناوچەی بازیان بە گشتی کە ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و ڕووبەرێکی فراوانی دەشتی بازیان ساڵانە دەکرێت بە دانەوێڵە و تا ئەو کاتەش جووتیارەکانی بازیان بە دەست گەنم و جۆیان کو وتاوە کە کاتێکی زۆری لێ بردوون و ماندوبوونێکی زۆری ویستووە، بڕیار دەدات جەنجەڕێك بکڕێت، پاشان دەیهێنێتەوە بۆ بازیان و دەکەوێتە کار، بۆ ماوەی شەش حەوت ساڵێك تەنها ئەم جەنجەڕە لە دەشتی بازیان هەبووە، پاشان وردە وردە خەڵکی دیکە جەنجەڕیان دروستکرد یان لە شوێنانی دیکەوە هێنایان و سوودێكی زۆری هەبوو بۆ جووتیارەکانی ئەم ناوچەیە.
وەك باسدەکرێت، ئەوکاتەی سەعید خدر جەنجەڕەکەی هێناوە بەهۆی سەرقاڵی خۆیەوە کەسێکی دیکە بەناوی ئەحمەد کە ناسراوە بە ئەحمەد چانەخۆر کاری بە جەنجەڕەکە کردووە، ڕۆژانە بە یەك دیناری عێراقی ئەوکاتە گێرەی کردووە، دوو ئێستر جەنجەڕەکەیان ڕاکێشاوە و کەسێکیش لێی خوڕیون، تا ئەوکاتەی دەڕاسە پەیدابووە جەنجەڕ کاری جووتیارەکانی زۆر ئاسان کردووە، هەربۆیە لە زۆربەی گوندەکاندا هەبووە و هێمایەکە بۆ زیرەکی کورد.

سوود وەرگیراوە لە کتێبی/ بازیان مێژوو و گەشەسەندنی، نووسینی: کاروان محمد ویاسین ئەحمەد.

ھەواڵی زیاتر