سزای تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، “جووڵەی بازرگانی سست کردووە”

بەهۆی بایکۆتی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە لایەن تورکیاوە، زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار زیان بەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کەوتووە و جموجووڵی بارزگانیشی سست کردووە.

یەکشەممە، 21-07-2024، نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گەمارۆی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار زیانی بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا و هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش ملیار دۆلارە. بە گوتەی نەوزاد غەفوور، گەمارۆکەی حکوومەتی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەکە، بووەتە هۆی سستی جموجووڵی بارزگانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دووپاتی کردەوە، بابەتی هەڵگرتنی گەمارۆکەیان لەگەڵ هەموو ئەو شاندانەی حکوومەتی تورکیا باس کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی جیاواز سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ڕۆژی شەممە، 08-06-2024، حکوومەتی تورکیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، تاوەکو 07-12-2024 درێژ کردەوە.

نزیکەی 176 نووسینگە و بریکاری گەشتیاریی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە ڕۆژانە بانگەشەیان بۆ گەشتی تورکیا دەکرد، بەڵام دوای ڕاگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەشێک لە نووسینگانە بانگەشەکانیان ڕاگرت.

پێشتر تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە مێدیاکانی ڕاگەیاندبوو، لە چوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی “ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە” لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو “ڕێکخراوە تیرۆریستییە” بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی داوە.

ھەواڵی زیاتر