دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هه‌ولێر… له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی‌ 24 قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سووتان دروست ده‌كرێن

له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، 24 قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سووتان له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری بۆ ئه‌مساڵ دروست ده‌كرێن.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21-7-2024، به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و دكتۆر محه‌ممه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و جێگران و یاریده‌ده‌ری پارێزگار و سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر و وه‌به‌رهێنان و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌باره‌ی دروستكردنی 24 قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سووتان له‌ شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر به‌زوویی ده‌ستكردن به‌ ڕێكار و كاره‌كانی دروستكردنی ئه‌و قوتابخانانه‌ و نه‌خۆشخانه‌كه‌ كرایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ ده‌ست به‌ دروستكردنیان بكرێت، به‌مه‌به‌ستی كه‌مكرنه‌وه‌ی گوشار له‌سه‌ر قوتابخانه‌كانی دیكه‌ی شاری هه‌ولێر و دابینكردنی قوتابخانه‌ی پێویست بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ به‌ گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان پێویستیان پێیه‌تی و هه‌روه‌ها شاری هه‌ولێر به‌هۆی فراوانبوونی شاره‌كه‌ و زیادبوونی رووداوه‌كان نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ سووتانی پێویسته‌.