دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هه‌ولێر.. كۆبوونه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌كارییه‌كانی رێگریكردن له‌ دروستبوونی لافاو به‌ڕێوه‌چوو


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21-7-2024 به‌سه‌رپه‌رشتی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و دكتۆر محه‌ممه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و نوێنه‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و به‌ ئاماده‌بوونی جێگران و یاریده‌ده‌ری پارێزگار و سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوه‌ڕۆ و وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانیی رێگریكردن له‌ دروستبوونی لافاو له‌ شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای گفتوگۆكردنی چه‌ندین بیرۆكه‌ و راسپارده‌، هاوكات جێبه‌جێكردنی ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ تاووتوێكران.
هه‌روه‌ها تیشكخرایه‌سه‌ر هۆكاره‌كانی دروستبوونی لافاو و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌ری بۆسه‌ر زۆربوونی رێژه‌ی بارانبارین و هۆكار و چاره‌سه‌رییه‌كان.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا هه‌موو رێكارێكی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ بگیرێته‌ به‌ر كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری دروستبوونی لافاو.
لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش راسپێردران به‌ر له‌ هاتنی وه‌رزه‌كانی بارانبارین هه‌نگاوی پێویست بگرنه‌به‌ر، له‌مپێناوه‌ هه‌موو پاڵپشتییه‌ك خرایه‌ڕوو.
هه‌روه‌ها تیشكخرایه‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و رێكار و پڕۆژه‌ ستراتیژییانه‌ كه‌ له‌ ساڵانی رابردوو بۆ كه‌مكردنه‌وی كاریگه‌ریی و مه‌ترسییه‌كانی لافاو ئه‌نجامدرابوون و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی ستراتیژی كرا.