ترس هەیە بە بردنەوەی تڕامپ ئەمریكا هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

چاوەكان لەسەر ئەوەن، رەجەب تەییب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد، كەی كۆدەبنەوە و كەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە؟ ئەمەش دوای ئەوە هات، ئەردۆغان، بەفەرمی داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كرد، هەموو كارێك بكەن تا ئەو كۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت و ئیدی دەست بخاتە ناو دەستی ئەسەد. پرسیارە جیدییەكە ئەوەیە، ئەو دوو سەرۆكە، كە پێشتر هاتوچۆی خێزانی لە نێوانیاندا هەبووە و پاشان وەكوو دوو دوژمن بەرامبەر یەكتری وەستانەوە، كەی كۆدەبنەوە و باسی چی دەكەن و لەسەر چی رێكدەكەون؟

بەشار ئەسەد، لەرێگەی وتەبێژی حكوومەتەوە وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و گوتی ”تا سوپای توركیا لە خاكی سووریا نەكشێتەوە، دانیشتن لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام نادرێت“
بەڵام هەرزوو، رووسیا وەكوو نێوەنگیری كەوتە نوانیان و توانی كاریگەریی بەسەر سووریادا هەبێت و نەرمی بكات، تا ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، چونكە پار ساڵیش ئەردۆغان هەمان داوای هەبوو، ئەسەد رەتی كردەوە و ئەگەر ئەمجارەش رەتیبكاتەوە، بۆ ئەردۆغان ناخۆش دەبێت و لەڕووی دیبۆماسییەوە كاریگەریی خراپی بۆی دەبێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، كۆبوونەوەی وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات، چڕ كراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەسەد و ئەردۆغان یەكتری ببینن، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە، كۆبوونەوەكە لەكوێ ئەنجام دەدرێت، چوونكە ئەردۆغان داوای كردووە ئەسەد بێتە توركیا، بەڵام ئەسەد ئەوەی رەتكردووەتەوە و دەیانەوێت وڵاتی سێیەم بۆ گفتوگۆ و كۆبوونەوە هەڵبژێرن.
سوپای توركیا لە سووریا دەكشێتەوە
سوپای توركیا لە مانگی هەشتی ٢٠١٦، لە چوارچێوەی ئۆپەڕاسیۆنی قەڵغانی فوراتدا، چووە ناو خاكی سووریا و بەبەهانەی ئەوەی رێگری لە تیرۆر دەكات بۆ ناو توركیا، بەشێكی خاكی سووریای داگیر كرد، كە جەرابلووس، ئەلباب، عەزیز و گرێسپی بوو. پاشان ئۆپەڕاسیۆنی چڵە زەیتوونی ئەنجامدا بۆ داگیركردنی عەفرین، لەرۆژئاوای كوردستان.
حكوومەتی ئەسەد، مەرجی سەرەكی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانیان كشانەوەی هێزی توركیا بوو، بەڵام ئەنكەرا دەڵێت، تازە دەبێت سووریا قبوڵی بێت، كە ئەوەی روویداوە ئەنجامە و نابێت وەكوو مەرجی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان لێكبدرێتەوە.
میدیاكانی سووریا باس لەوە دەكەن، بۆ گەرەنتیكردنی یەكپارچەیی خاكی سووریا و كشانەوەی هێزەكانی توركیا، دەبێت رووسیا و سعوودیا بێنە ناو هاوكێشەكەوە و توركیا بەڵێن بدات، بەشێوەیەكی سیستەماتیكی و كاتێكی دیاریكراودا، هێزەكانی دەكشێنێتەوە، بەڵام ئەنكەرا، بەفەرمی داوای لە رووسیا و ئێران كردووە، رۆڵیان هەبێت لەوەی یەپەگە لەناو خاكی سووریا لاواز بكەن و كۆتاییان پێبهێنرێت، چوونكە ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان سەربەخۆیی بەدەست بهێنن، ئەمە بۆ توركیا كارەساتە و دەبێت رێگری لێبكرێت.
بەهۆی ئەوەی، پەكەكە خۆی هاوێشتووەتە ناو باوەشی ئێرانەوە، ئەستەمە ئێران رێگە بدات، كۆبوونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان، بۆ لەناوبردنی ئەو ستاتۆیە بێت كە لە رۆژئاوای كوردستان دروست بووە، جیا لەوەش، ئەسەد بەئاسانی نایەتە ژێر باری داواكارییەكانی توركیا، چوونكە تا متمانە لە نێوان ئەو دوو سەرۆكە دروست دەبێتەوە، زۆری دەوێت و یەك كۆبوونەوە و دوو كۆبوونەوە ئەو بەستەڵەكەی ١٣ ساڵە دروست بووە ناتوێنێتەوە.
پەیوەندییان لەگەڵ كورد چۆن دەبێت؟
یەكێك لە بابەتە هەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی ئەسەد و ئەردۆغان، ئەو پەیوەندییەیە كە دوای ئاساییبوونەوەی نێوانیان لەگەڵ كورددا دەیكەن.
لەوڕووەوە، دەبێت چاوەڕێی هەووڵبژاردنی ئەمریكا بكرێت، چونكە پێشبینی سیاسەتی ئاكەپە و ئەردۆغان بەوشێوەیەیە، ئەگەر كۆمارییەكان بیبەنەوە و دۆناڵد تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، هێزەكانیان لە سووریا دەكشێننەوە و پشت لە یەپەگە دەكەن، وەكوو چۆن پێشتر، تڕامپ رێگەی بە سوپای توركیادا عەفرین داگیر بكات، چاوەڕێی هەمان سیناریۆ دەكەن، بەڵام یەپەگەش وەكوو هێزێكی بێدەسەڵات نەوەستاوە، بەڵكوو لەئێستاوە پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئەسەد و رووسیا بەستووە، تەنانەت چەند میدیایەكی جیهانی باس لەوە دەكەن، بەنهێنی بەرپرسانی یەپەگە، لەگەڵ رووسیا و حكوومەتی ئەسەد، چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، چونكە ئەوانیش ترسیان هەیە، ئەگەر تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆك، پشت لە یەپەگە دەكات و هێزەكانیان دەكشێننەوە.
بۆیە مەرج نییە، نزیكبوونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان، كاریگەریی لەسەر لەناوچوونی ستاتۆی كورد بێت لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەوەش نازانرێت، یەپەگە چۆن دەچێتە باوەشی ئەسەد و رووسیا و بەچی مەرجێكی ئەوان رازی دەبێت، تا بتوانن لەو ئاڵوگۆڕە سیاسییەی پێشبینی دەكرێت ئەنجام بدرێت، ئەوان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و هەر هیچ نەبێت كەوتنێك نەكەون نەتوانن هەستنەوە.

ھەواڵی زیاتر