پەرلەمانێک بۆ تەبایی و یەکڕیزی

شێرکۆ حەبیب

وا پەیتا پەیتا لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبینەوە کە بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەم دیاری کراوە.
هەڵبەتە ماوەیەکی دیکە کاتی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات، هیوادارم ئەو بەرێزانەی کاندید کراون هیچ بەڵێنێک نەدەن چونکە ناتوانن هیچ لە بەڵێنەکان بێننە دی بەهۆکاری ئەوەی ئەوان ئەندامی دەسەڵاتی جێبەجێکار نین، بەڵام دەتوانن دەنگ و داوای هاووڵاتیان بگەیەننە حکوومەت و پاڵپشتی و بەدواداچوونی بۆ بکەن، و ببنە چاودێرێکی دروست و دڵسۆز بەسەر کارەکانی حکوومەتەوە، نەک دژایەتیکردنی. هەروەها بەو هیوایەی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن سەردەمیانە بێت دوور بێت لە ناو زڕاندن .
هەروەک بینیمان لە خولەکانی پێشوو بەناوی ئۆپۆزیسیۆن شەڕی حکوومەتیان دەکرد، هۆڵی پەرلەمانیان (لەگەڵ ڕێزم بۆ پەرلەمان) کردبوو بە بازاڕی شێخ اللە کردبوویانە شوێنی هەراجی بابەتی ماوە بەسەرچوو و بێ بنەما، ڕاستە ئێمە هەروەک هەر سیستەمێکی حوکمرانی دیموکراسی لە جیهان پێویستیمان بە ئۆپۆزسیۆنە کە چاودێر بێ لەسەر کار و ئەدای حکوومەت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی دروست لەسەر بنەمای نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی و شارەزایی سەردەمیانە، نەک ئۆپۆزسیۆنێک بێت بڵێت ئەوە سی ساڵە حکوومەت چی کردووە، سی ساڵ بۆ تەمەنێکی حکوومەت زۆر کەمە بەریتانیا ئەوە زیاتر لە ٤٥٠ ساڵە پرۆسەی دیموکراسی پیادە دەکات و بەدایکی دیموکراسی ناسراوە، بەڵام خۆیان دەڵێن تا ئیستا ئەوەی مەبەستە نەیگەیشوینەتێ و کەم وکوڕیمان زۆرە، وڵاتی میسر حەوت هەزار ساڵە خاوەن شارستانیەتی و دەوڵەتە گرفتی کارەبای هەیە، کویت لە شەستەکانەوە دەوڵەتە گرفتی کارەبای هەیە، هەموو داوا دەکەین بژێوی و بارودۆخی هاووڵاتیان باشتر بێت، بەڵام دەبێ سەیری بارودۆخەکە بکەین کە کوردستان دووچاری هاتووە، کام لەو ئۆپۆزسیۆنانە باسی لە وەرگرتنی شوێنی حەوانەی خۆی کردووە کە بۆی دابین کراوە باسی لە پاسەوانەکانی کردووە باسی خانەنشینی کردووە کە ئەمانە لە ئەزموونی هیچ وڵاتێکدا نییە.
لە ڕاستیدا پێویستە حکوومەت یا سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە خولی نوێ ئەم بابەتە بەهەند وەربگرێت کە جێگای حەوانەوە بۆ ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان تەنانەت بۆ حمایەکانیان لە شارە بە بەهاکانی هەولێر دابین نەکات، باشە ئەو بەرێزە پێش وەرگرتنی ئەو پۆستە لە کوێ ژیێوە؟ بێ شوێن بووە یا ئەوانەی لە دەروەی هەولێر دێن بۆ کۆبوونەکان بۆ لەسەر ئەرک و مووچەی خۆیان شوێن دابین ناکەن، بۆ ببنە بار گرانی بەسەر میللەت، من وەک کادیرێکی پارتی ئاگادارم هەزاران کادیر و فەرمانبەر هەیە خەڵکی دەرەوەی هەولێرن و خانوو و شوێنی حەوانەوەیان لەسەر ئەرکی خۆیانە بەکرێ کرتووە لەو مووچە کەمەی بە بەراورد بە مووچەی پەرلەمانتاران و کە تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە سێ مانگە وەریان نەگرتووە، و ئاساییە بۆیە گرنگە ئەم بابەتە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
دەبێ ئۆپۆسیۆنیش وەک دوژمن سەیری حکوومەت نەکات بەڵکو بەپێچەوانە دەبێ هەوڵەکان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان بێت و ڕەچاوی بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بکەن، بەتایبەتی لە هەردوو کابینەی هەشت و نۆ، کاتێک کابینەی نۆ دەست بەکار بوو کۆتایی هێزی داعش بوو دوای زیانێکی زۆری ئابووری هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ بیروباوەری ئەو گروپە تیرۆریستیە بوون، جگە لە گرفتەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کە تائیستاش بەردەوامە و هەروەها پەتای کۆرۆنا. سەرەڕای ئەمانە حکوومەتەکەی مەسرور بارزانی خۆڕاگر بوو لە ساتێک هەندێ لایەن لە حکوومەتەکەی بایکۆتی حکوومەتیان کرد یا هێرشیان دەکرد، بەڵام حکوومەت لە کارەکانی زیاتر بەردەوام بوو زیاتر ئاوەدانی و سەقامگیری چەسپاند. ئەمڕۆش میللەت چاوەڕوانی زیاترە ئەمەش بەپێکەوەیی و یەکگرتوویی دەکرێت، بە کارکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێکی شارەزا و دروست، نەک وا بزانێ دابەشکردنی دوو تەنکەر ئاو و بەکار هێنانی هەندێ وشەی نەشیاو، یا پێی وابێت قەڵەباڵغی و دەنگی بەرز حکوومەت لە ناو دەبات.
بەهیوای هەڵبژاردنێکی ڕێکوپێک لە پرۆسەیەکی دیموکراسی بێ گرفت لەکاتی دیاری کراو و هیچ گرفتێک نەیەتە پێش چونکە هەروەک میسریەکان دەڵێن ( الدنیا علی کفە عفریت).

ھەواڵی زیاتر