متمانە دروستکردن بۆ قوتابی

بەکر کەریم حەسەن*

(ئەنیس مەنسور) فەیلەسوف و نووسەری میسری دەڵێ” متمانە بەخۆبوون شەڕێكە دژی هەموو ئاستەنگەكانی دۆڕاندن”.
قوتابخانە ڕۆڵی زیندوو و سەرەكی هەیە لە دروست كردنی متمانە و پەرەپێدان و گەشەپێدانی متمانە لە ناخی قوتابی، هەمیشە قوتابخانە باوەش و ئامێزێكی گەرم و نەرم و نیان بووە بۆ قوتابی، دەكرێ وا لە قوتابخانە بكرێ كەوا قوتابی هۆگری بێت به جۆرێك لە ماڵی خۆی زیاتری خۆش بووێت، ئەم ڕۆڵەش بەرێوەبەر و دەستەی كارگێڕیی و مامۆستاكان دەتوانن قوتابخانە بكەنە سەرچاوەی خۆشەویستی و متمانە بەخشین بە قوتابی، ڕێگاكان و هەنگاوەكانی دروست كردن و بەخشینی متمانە بە قوتابی زۆرن لە هەموویان گرنگتر مامۆستایانن كەوا هەردەم دەتوانن بە زمانی پیشەیی و شیرین و پەروەردەی زاڵ و باو لە قوتابخانە قسە لەگەڵ قوتابی بكەن لە گفتوگۆ و ڕاوێژ لەگەڵ یەكتر و لەگەڵ قوتابیەكان، چونكە قوتابی هەست بە هەموو جووڵە و هەڵسوكەوتی مامۆستاكان دەكات، وە گوێ بیستی شێوەی ئاخافتنیان دەبێت، پێویستە مامۆستا لە بە كارهێنانی دەستەواژەی ڕووخان و شكان و لۆمە و گازاندە و گلەیی دووربكەوێتەوە و قوتابخانە خاوەن پەیامی پەروەردەكردن و پێگەیاندن و بنیاتنانە، گرنگە قوتابی ژینگەیەكی لە بار و ڕەخساو و ئاسودەیی بۆ ڕەخسا بێت تا بتوانێ‌ متمانەی بە خۆی هەبێت. لە بیرمان نەچێت لە پڕۆگرامەكان بابەتی وا بخوێندرێ هەمیشە وزەی ئەرێنی و متمانە لە ناخی قوتابی دروست بكەن لە چالاكییەكان لە پراكتیزە كردنیان لە قسە كردن و پرسیارەكانی چیرۆك ناوەخن و ناوەڕۆكی متمانە بەخش بن بۆ قوتابی، بەشداری كردنی قوتابی لە چالاكییەكانی وەرزشی و هونەری و چالاكییەكانی تر وا لە قوتابی دەكات متمانەی زیاتر بە خۆی هەبێت. قوتابخانە هەمیشە دیوار و ڕێرەو و شوێنە بەرچاوەكان بە تابلۆ و نیگار و دەستەواژەی هیوا بەخشی متمانە بەخۆبوون و ووڵات خۆشەویستی تێدانەخشا بێت كەوا كاریگەری ئەرێنی زۆر باشی دەبێت لە سەر دروست كردنی متمانە لای قوتابی، رێگاكانی وانە گوتنەوە لە بابەتە جۆراوجۆرەكان ئەوپەری متمانە لای قوتابی دروست دەكات، وا نەبێت قوتابی تەنها گوێگر و پەراوێز خراو بێت، پێویستە قوتابی چەقی قورسایی پرۆسەكە بێت و بەشداری پێ بكرێت لە پرسیار و وەڵام و گروپ و وتوێژكردن و سمینار و سەكۆ و تا دوایی بەم شێوەیە دەتوانرێ متمانە لای قوتابی دروست بكرێ. دەگێڕنەوە لە یەكێك لە قوتابخانەكان مامۆستایەك گواسترایەوە و هاتە شوێنی مامۆستایەكی تر كە بە مۆڵەتی منداڵ بوون قوتابخانەكەی جێهێشتبوو دەستی بە باس كردنی بابەتەكان كرد و پرسیارێكی لە یەكێك لە قوتابیەكان كرد و هەموو قوتابیەكانی تر پێكەنین، مامۆستاكە سەری سوورما و لە پێكەنینی بێ هۆی قوتابیەكان و لە سەیر كردنی قوتابیەكان لە نهێنی پێكەنینەكە تێگەیشت كە تەنها لە كاتی پرسیاركردن لەو قوتابیە كە لە ڕوانگەی ئەوان قوتابیەكی گەمژەیە، زەنگ لێدا و قوتابیەكان چوونە دەرەوەی پۆڵ و مامۆستاكە ئەو قوتابیەی بانگ كردو دێرە شیعرێكی بۆ نووسی لە كاغەزێك دایە دەستی و گووتی” پێویستە وەك ناوی خۆت لە بەری بكەی بە كەسیش نەڵێ. لە ڕۆژی دواتر مامۆستاكە دێرە شیعرێكی نوسی لە سەر تەختە ڕەش و دەستی بە باس كردن كرد لە ڕووی مانا و گوتنەوەی تا دوایی. دواتر ڕەشی كردەوە بە قوتابیەكانی گوت كێ ئەو شیعرەی لە بەركرد دەست بڵند بكات، كەس دەستی بڵند نەكرد جگە لە قوتابیەكە كە بەشەرم و دوو دڵی و ترسەوە دەستی بەرز كردەوە مامۆستاكە بە قوتابیەكەی گووت” وەڵام بدەوە قوتابیەكە بە زمانێكی گرران و بە قورسی شعرەكەی لە بەر گوتەوە، مامۆستا كە زۆری پێ هەڵدا و سوپاسی كرد و داوای كرد هەموو قوتابیەكان چەپلەی بۆ لێدەن، قوتابیەكان لە نێوا ن خۆیان دۆش دامان واقیان وڕما، چۆن توانی لەبەری بكات. ئەو جۆرە دیمەنە لە هەموو وانەكانی ئەو مامۆستایە دووبارە دەبوونه وه، هەموو جار مامۆستاكە سوپاس و ستایشی قوتابیەكەی دەكرد و چەپلەی بۆ لێدەدرا و لەلایەن قوتابیەكانەوە وای لێ هات تێڕوانینی قوتابیەكان گۆڕدرا بەرامبەر ئەو قوتابیە.بارودۆخ و باری دەروونی قوتابیەكە زۆر بەرەو باشتر گۆڕا و متمانەی بەخۆبوونی دروست كرد و بیینی ئەو گەمژە و گێلە نییە هەروەك پێشتر مامۆستای پێشوو وەسفی دەكرد، هەستی بەوە كرد دەتوانێ‌ ڕكابەری و ملمڵانێ‌ لەگەڵ قوتابیەكانی تر بكات و لە سەر زیرەكی و سەركەوتن و دەرچوون و متمانەی زۆری بە خۆی هەبوو. ئەو متمانە بەخۆبوونە وای لێ كردو هانیدا كەوا زیاتر بخوێنێ‌ و خۆی ماندوو بكات و هەوڵ بدات و كێبڕكێ بكات و پشت بەخۆی ببەستێ‌ و ڕاپەرموون بێت. كاتی تاقیكردنەوەكان نزیك بووە و خوێندی لە هەموو بابەتەكان دەرچوو و بە نمرەی زۆر باش چووە دواناوەندی بە ورەی بەرز سەركەوتنەكانی زیاتر بوون، نمرەی زۆر باشی بەدەست هێنا و چووە زانكۆ و خوێندنی زانكۆی تەواو كردو بە سەركەوتوویی بەردەوام بوو، ماستەری خوێند و خۆی ئامادە كرد بۆ خوێندنی لادكتۆرا. ئەو چیرۆكە قوتابیەكە خۆی نوسیویەتی لە ڕۆژنامەكان بلاو بوونەوە كە مامۆستاكەی هۆكاری سەركەوتن و پێدانی متمانە بوو بەو قوتابیە. ڕاستە كە دەڵێن ” متمانە بەخۆبوون وا لە چۆلەكە دەكات ببێتە باز و خەیاڵیش ببێتە ڕاستی”.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر