شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری هەولێریان کردووە

دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر ئاشکرای دەکات، لە شەش  مانگی ئەمساڵدا، نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کردووە بەهۆی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

لەم هاوینەدا شوێنە گەشتیارییەکان پڕبوون لەو گەشتیارانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی بیانییەوە دێن.

بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر لە شەش  مانگی ئەمساڵدا، نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کردووە بەهۆی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و جیاوازیی پلەکانی گەرمای هەرێمی کوردستانە بە پارێزگاکانی عێراق.

ئەسعەد کلشۆ، لە ئەمریکاوە لەگەڵ خانەوادە و خێزانەکەی بۆ گەشت هاتوونەتە هەولێر، بۆ کوردستان24 گوتی: بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخ لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئارامە و سەقامگیرە و جوانترە و پاکترینە، جێگەی شانازییە کە هەندێک کەس دەزانن چۆن وڵات بەڕێوەدەبەن، واتە بە بوودجەیەکی کەم وڵات دروست دەکەن و بەڕێوەی دەبەن، بەڵام هەندێک شوێن بودجەی زیاتری لەبەردەستە و وڵات وێران دەکەن، پێویستە قسە بکەین و کار بکەین کە خزمەتگوزارییەکان زید بکرێن بۆ وڵات، بۆیە ئێرەمان هەڵبژارد.

نارین کلشۆ گوتی: شەقڵاوە و هەولێر ماڵی گەشتیاریانە، خەڵکی جوان و باشم بینی، هەست دەکەی لە ماڵی خۆتی، گرنگ نییە بەلایانەوە خەڵکی کوێی، ئایا کوردی یاخود موسڵمانی، یا هەر ئاینێکی دیکەی.

زیرەک بیکۆ،سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، داشکانی بەرێژەی لە سەدا 20 بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و باج کردووە، ئەوەش هاوکاریی خاوەن هۆتێل و میوانخانەکان و چێشتخانەکان دەکات بۆ ئەوی خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەن.