بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرتە نوێیەكەی عێراق 91 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتییان دەكەوێت، بەو مەرجەی داواكار پێشتر سڕەی دەرهێنان وەرگرتبێت، بەپێچەوانەشەوە تێچووەكەی زیاتر دەبێت.
پاسپۆرتی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا بۆ هاووڵاتییان رایگەیاند: پێویستە سڕەی وەرگرتن و دەرهێنانی پاسپۆرت بەشێوەی ئەلیكترۆنی (حجز الالكتروني) ئەنجام بدرێت كە ئێستا بەشێوەی سكان (QR) بەردەستە.
راشیگەیاند: نرخی تێچووی هەر پاسپۆرتێكی نوێ 91 هەزار دینارە بەو مەرجەی داواكار ئەگەر پێشوەختە (حجز الكتروني) ھەبێت.
هەروەها رایگەیاند: ئەگەر داواكار حجزی ئەلەکترۆنیت نەبێت، پێویستە 100 هەزار دینار رسووماتی دیكە بدات لەگەڵ 91 هەزار دینار تێچووی پاسپۆرتەکە، كە کۆی گشتی دەكاتە 191 هەزار دینار.
پاسپۆرتی سلێمانی داواشی لە هاووڵاتییان كرد ئەگەر موعدی دوای کاتژمێر (12)ی نیوەڕۆیان هەبێت، پێویستە دوو کاتژمێر پێش وەختە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بکەن، بەڵام موعدی بەیانیان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەبێت .
جەختیشی كردەوە كە ئێستا بۆ دەرهێنانی پاسپۆڕت، تەنھا کار بە کارتی نیشتیمانی و کارتی زانیاری ڕەسەن (اصلي) دەکرێت، واتە کار بە پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عیراقی ناکرێت.