ئەو کۆمپانیایانەی خەڵکیان بەڤیزای ساڵی و گەشتیاری بۆ حەج بردووە سڕ دەکرێن

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەند بڕیارێکی دەربارەی ئەو کۆمپانیایانەی خەڵکیان بە ڤیزای گەشتیاری بردووەتە حەج، دەرکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، لێکۆڵینەوە لەو کۆمپانیایانە دەکرێت کە خەڵکیان بە ڤیزای ساڵی و ڤیزای جۆراوجۆر بردووە بۆ وڵاتی سعوودیە و بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج. هەروەها بووەنەتە هۆی مردن و بزربوونی چەندان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان.

لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەفەرمانی وەزاری ژمارە (117) لە 2024/6/3، لێژنەیەکی  بەبەشداری نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی، پێک هێناوە. وەک یەکەم هەنگاویش بڕیاریاندا بە:

1-ئەو کۆمپانیایانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و بەڤیزای ساڵی و ڤیزای گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەکان خەڵکیان بردووە بۆ  سعوودیە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتایی پێ دێت، سڕ دەکرێن و مافی بەشداریکردنیان بۆ گەشتەکانی عومرە نییە.

2- ئەو کۆمپانیایانەی هیچ کێشەیەکیان و نییە و لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەشێوەیەکی یاسایی خەڵکیان بردووە بۆ حەج، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگەدار دەکرێنەوە، کە بەشدار دەبن لەگەشتەکانی عومرە، دوای دەرچوونی ڕێنماییەکان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە.

3-هەر هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر هەر کەس و کۆمپانیاییەک هەیە، کەوا مافی زەوت کردووە و بەنایاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و زەرەرمەند بووە لە رێگەی ڤیزا جۆراو جۆرەکانەوە، تاوەکو 10 ڕۆژی دیکە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن .

4- شوێنی تۆمارکردنی سکاڵا، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتی یاسایی و گرێبەستەکان.

ھەواڵی زیاتر