حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ؛ئیدارەی کوردی جیاکاری ناھێڵێت و خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە ھەموو گەڕەکەکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نزیکەی ساڵێکە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کراوە، بەڵام تا ئێستا لایەنە براوەکانی کەرکووک نەگەیشتوونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک بۆ پێکھێنانی ئیدارەی شارەکە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: دۆخی ئێستای کەرکووک تەنیا لە بەرژەوەندی چەند کەسێکدایە، ئیدارەی کوردی جیاکاری ناھێڵێت و خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە ھەموو گەڕەکەکان.

گەڕەکە کوردنشینەکان بێ بەشکراون
ئیدارەی ئێستای کەرکووک گەڕەکە کوردییەکان لە خزمەتگوزاری بێبەش دەکات و لێ ناگەڕێت ھیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گەڕەکە کوردییەکان جێبەجێ بکرێت، ئەوەش وای کردووە کە بەردەوام ھاووڵاتییانی کوردی شارەکە بۆ داواکردنی مافەکانیان گردبوونەوە ئەنجام بدەن و ناڕەزایەتی خۆیان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و جیاکاری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەرببڕن.

دۆخی ئێستای کەرکووک لەبەرژەوەندی خەڵکەکەی نییە
چەندین کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری یەخەی خەڵکی کەرکووکیان گرتووە، تابەرەو قوڵایی گەڕەکە کوردییەکان بڕۆی کێشەکان زیاتر دەبن، گردبوونەوەی زبڵ و خاشاک و نەبوونی ئاو و کارەبا و خراپی ڕێگاوبانەکان و چەندین کێشەی دیکە خەڵکەکەی ھەراسان و بێزار کردووە. وەکو ھاووڵاتییان دەڵێن، بارودۆخی ئێمە لە کەرکووک زۆر خراپە و دەچەوسێنرێینەوە و ھیچ بۆ ئێمە ناکرێت. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: مانەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک بەو شێوەیە لەبەرژەوەندی خەڵکدا نییە، تەنیا لەبەرژەوەندی چەند کەسێکدایە.

ھەوڵی گەڕانەوەی شکۆی کورد بۆ شارەکە دەدەین
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: لە کاتی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڵێنمان داو و خاوەن بەڵێنی خۆمانین، ئەو ناتەوازنەی کە ھەیە ناھێڵین و دۆخەکە لە ھەموو ڕوویێکەوە جا چ لەڕووی خزمەتگوزارییەوە بێت، چ لەڕووی دامەزراندنەوە بێت بەرەو باشتر دەبەین، کە ئێستا جیاکارییەکی زۆر لە نێوان گەڕەکەکان دەکرێت، دوای پێکھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا و بوونی پارێزگارێکی کورد ھەوڵی گەڕانەوەی شکۆی کورد بۆ شارەکە دەدەین.

ھەواڵی زیاتر