ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “حیکایەتخوانە نادیارەکان”

ئارام كۆشكی – سلێمانی
خوێندنەوەی ئەزموونی نووسەرانی دیکە یەکێک لەو خاڵانەی خوێنەران دەتوانن ئەزموونی خوێندنەوە و ژیانکردنی خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن. من گەلێک سوودمەندبووم لە وتار و چاوپێکەوتن و ئەزموونەکانی هەریەک لە ئۆرهان پاموک و خۆرخە لویس بۆرخیس و ماریۆ بارگاس یۆسا و و ئەدۆنیس و زۆر نووسەری دیکە. هەتا لێیانەوە بەهرەمەندبووم بۆ تێگەیشتن لە ڕیشەی بەرهەمە ئەدەبییەکانیان و چۆنێتی بیرکردنەوەیان لەو دونیایەی پێی گەیشتوون و دواتر خولقاندوویانە، یان ئەو وڵات و دیکتاتۆرانەی لەبارەیانەوە نووسیویانە. واتە لەڕێی خوێندنەوەی ئەزموونی ئەوانەوە دەتوانین ئەزموونی خۆمان دەوڵەمەند بکەین.

هەفتەی پێشوو نوێترین کتێبی نووسەر و چیرۆکنووس ئارام کاکەی فەلاح-م بەناونیشانی “حیکایەتخوانە نادیارەکان” خوێندەوە، کە کۆمەڵێک سەرنج و وتاری فیکریی و چاوپێکەوتنی نووسەر لە بارەی گێڕانەوە و زمانەوە. کتێبەکە لە دوتوێی 171 لاپەڕدا لە ناوەندی ڕەهەند چاپ بووە. لەم کتێبەکەدا خوێنەر بەر ئەزموونی نووسین و خوێندنەوەی نووسەر دەکەوێت، کە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا بەر چی کەوتووە و چۆن بیری کردووەتەوە و بە چ نووسەرێک کاریگەر بووە.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە نووسەر چ لە وتارەکاندا، چ لە چاوپێکەوتنەکاندا لە ئەزموونی خۆیەوە قسە دەکات، یان بەرکەوتنی خۆی دەنووسێتەوە بەو نووسەر و تێکستانەی کە بەری کەوتوون. ئارام کاکەی فەلاح لە چەشنی ئەو نووسەرانە نییە کە نەتوانێت باس لە ئەزموونی خۆی بکات و کاتێک پرسیاری لێ دەکەن خۆی لە باسکردن لە ئەزموونەکەی بدزێتەوە، بەڵکو ئەم نووسەرە، چونکە بە وشیارییەوە هەنگاوەکانی نووسەربوون ئەزموون دەکات و هەر بە وشیارییەوە تەکنیک و شێوازەکانی گێڕانەوە لە فۆڕمی نوێیدا بەکار دەهێنێت بۆیە دەزانێت لەبارەشیانەوە بدوێت.
کەمن ئەو نووسەرە کوردانەی لە بواری گێڕانەوەدا دەنووسن بتوانن بە وردی و بەم شێوە سەرنجڕاکێشە لەبارەی ئەزموونی خۆیانەوە بدوێت و بەرگری لە ئەزموونەکەیان بکەن و شیکردنەوە لەسەر هەر پنتێکی ئەزموونەکە پێشکەش بکەن. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “ئێمە نووسەرگەلێکی زۆرمان هەن، کە بە درێژایی مێژووی ئەدەب، چیرۆک و ڕۆمان و شیعریان بۆ نووسیووین، تێکستێکی زۆریان بەرهەم هێناوە بێ ئەوەی بزانین ئەم ئازیزانە چۆن بیریان کردۆتەوە؟ چۆن سەیری ئەو دونیایەیان کردووە؟ ڕایان بەرامبەر دونیای گێڕانەوە چۆن بووە؟ چی وای لێکردوون بگێڕنەوە؟ ڕایان بەرامبەر بە تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە لە چ ئاستێکدا بووە؟”
ڕەنگە ئەم هەستکردنە بێت بە بۆشایی لەنێو دونیای کوردیدا تا ئەم نووسەرەی هاندابێت بۆ ئەوەی ئەو بەشێوەیەکی دیکە بگێڕێتەوە و هاوکات بە شێوەیەکی دیکەش هەنگاوەکانی لەنێو دونیای گێڕانەوەدا بنووسێتەوە، هەر بۆیە دواتر دەڵێت “من لای خۆمەوە نەک تەنیا لە چاوپێکەوتنە دوورودرێژەکانمدا، بەڵکو وەک لەم کتێبەشدا دەیبینن ئەوەی نەمتوانیبێت لە دیداردا دەریببڕم، بەوتاری سەربەخۆ، لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نووسین، زمان، ناکۆکیی، هێزی نووسین و کتێبەوە نووسیوومە.”
یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی کتێبەکە، ئەو جیاکردنەوەی نووسین و نەنووسینە، نووسەر پێیوایە هەر نووسەرێک توانی نەنووسێت ئاساییە نەنووسێت و بەمشێوەیە بیرۆکەکەی دەخاتەڕوو “زۆرن ئەوانەی دەنووسن و دەتوانن نەنووسن، بۆیە لەم بارەدا نەنووسن باشترە. گەر نووسین وەکو نەنووسین وابێت باشترە مرۆڤ نەنووسین هەڵبژێرێت. مرۆڤ دەبێ کاتێ بنووسێت ئەو کاتەی گەر نەنووسێت دەخنکێت.” بەهای نووسین دەشێ لای هەموان وەکو یەک نەبێت، بەڵام بەهای نووسین لای مرۆڤی داهێنەر دەبێتە هەناسە و ئەو دەرچەیەی دەیەوێت گوزارشت لە بوونی خۆی بکات.
کتێبەکە گەلێک وانە و وتار و بۆچوونی سەرنجڕاکێشی لە خۆگرتووە، کە نامەوێت لێرەدا زیاتری لەبارەوە بڵێم، تەنها دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو کە نووسینەوە و کۆکردنەوەی ئەم جۆرە ئەزموونانە لەلایەن نووسەرانەوە گەلێک بەسوودە هەم بۆ خوێنەران و هەم بۆ توێژەران تا زیاتر ئاشنای وردەکارییەکانی دونیای ئەم نووسەرە بن.

ھەواڵی زیاتر