فێستیڤاڵی خانی لە دهۆک

‎هاودەنگ فارووق

‎ئەحمەدی خانی
‎یەک لە بەناوبانگترین شاعیرانی کوردە، هەر وەختێک ناوی ئەحمەدی خانی دێت، داستانی مەزنی دڵداری مەم و زینمان بیر دەکەوێتەوە. لەپەنای ئەم قەسیدە ئەفسوناوییە شەرحی دڵی خۆی دەکات و وەک پاساوێک خەمی خۆی هەڵدەڕێژێت:
‎ شە‌رحا غە‌مێ دل بكە‌م فەسانە‌
‎ زین و مە‌مێ بكە‌م بە‌ھانە‌
‎ خانیی شاعیر وەک یەکەم کورد دێت باسی بیری کوردایەتی دەکات و هانی خەڵکی کورد دەدات، کە یەکبگرن و واز لە دووبەرەکی و تەفرەقە بێنن:

‎ گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
‎ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
‎روم و عەرەب و عەجەم تەمامی
‎هەمیا ژ مە تا دکر غولامی
‎تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
‎تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت

‎ئەو لە یەک کاتدا کوردایەتی و تەسەووف و عیشقی تێکەڵ کردوون.
‎دوای چەندان دەیە بەسەر کۆچی دواییی خانیدا، هێشتا یادی ئەو لە دڵی ئەدەبدۆست و کوردپەروەران هەر زیندووە.
‎گرێدانی فێستیڤاڵی دووەمی خانی لە دهۆك، وێڕای ئەوەی بۆ هەنووكەی دۆخی ڕۆشنبیری گرنگە، لەڕاستیدا ئاوڕدانەوەیەكی جیدیە لە گەورەیی ئەحمەدی خانی. هاوكات دروستكردنی تایبەتمەندییەكی گرنگترە بۆ خیتابی نەتەوەیی كە خۆی لە بەسیمبولكردنی خانیدا دەبینێتەوە، كە ڕەنگە یەكەم هۆزانڤانی كورد بێت وشەی دەوڵەتی بەكارهێنابێت، یان بەئامانجی سیاسی داوای یەكڕیزی كوردی كردبێت.
‎ڕاستە هەمووان و هەمیشە باسی یەكڕیزیی دەكەین، بەڵام ئەحمەدی خانی بەهۆشیارییەكی باڵاوە و بەمانایەكی سیاسی ڕوون و ستاندارد، دەڵێت: ئەگەر ئێمە یەكڕزی بین، پابەندی سەركردەیەكی بین، بێگومان ڕۆم و عەرەب و عەجەمیش بەتەواوی وەك ئەو دەڵێت دەبوونە خوڵاممان. مەبەستەكە ڕوونە و، دەلالەتی سیاسی ئەو دێڕە وەك مانیفستۆیەكی تێروتەواو خۆی نمایش دەكات. بێگومان دەڵێت: ئەگەر یەكڕیز بین و یەك سەركردەمان هەبێت، ئەوجا دەبینە دەوڵەت، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكوو دەتوانین بچینە ڕیزی عەرەب و عەجەم و ڕۆمیش پێكەوە!
‎كەمن ئەو هۆزانڤانانەی لەپاڵ عاتیفەی قوڵپدەری ناخیاندا، دەتوانن بەزمانی ستانداردی سیاسیش بدوێن، خانی لەو جۆرە دەگمەنەیە و، دەكرێت بڵێین: ڕێگەچارەی بوونە دەوڵەتیشی بۆ كورد پێشنیاركردووە.
‎دهۆكی جوان و ڕەنگین لە دووڕۆژەی پەیاما فێستیڤاڵ، ئەوەی پێگوتین كە وەفادارە بەرانبەر خانی، جگەلەوەش پێی گوتین لەم سەردەمی شەكەتییەی ڕۆحی مرۆڤی كورددا، هێشتا هەناسەیەك، دەرفەتێكی گەش هەیە بۆ ئەوەی بیر لەداهێنان و ئەدەب و هونەر و وشەی ڕەسەن و كۆكردنەوەی ئەهلی قەڵەم و عیرفان لەژێر یەك بنمیچدا بكرێتەوە.
‎پیرۆزە و چاوەڕوانی ساڵانی داهاتووین، ئەو فێستیڤاڵە ببێتە نێودەوڵەتی و كولتووری نەتەوەكەمان بەجیهان بناسێنێت.
‎دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی و دەزگەی خانی دەكەین.

ھەواڵی زیاتر