چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی مەترسییە لەسەر ئارامی و ئاسایشی گشتی

نەسرەدین سەیدا

هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی، هەڵگرتن و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لەلایەن تاکەکانی هەر ووڵات و کۆمەڵگایەک، کارێکی ناشارستانی و مەترسیدارە و دەبێتە هۆی تووندوتیژی و سەرپێچی یاسایی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، لە ئەنجامدا ا لێکەوتەی خراپی لێ دەکەوێتەوە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەو ڕووداوانەی لە قۆناغەکانی ڕابردوو لە کوردستان و عێراق ڕوویاندا، وەک ڕاپەڕینی ١٩٩١ز و ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ٢٠٠٣ز و کەوتنی شاری موسڵ لە ٢٠١٤ز.. بەشێوەیەکی هەڕەمەکی چەک کەوتۆتە دەست ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکەکەمان، بێگومان ئەوە لێکەوتەی خراپی هەبووە و هەیە. چوونکە ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکان هەواڵی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە ڕووداوێکی کووشتن بە چەک و گولـلە ڕوویدا. بۆیە پێویستە چەک تەنها لەدەست هێزە فەرمیەکان و ئەو لایەن و کەسانە هەبێت کە ڕێپێدراون و مۆڵەتی یاساییان هەیە.
بۆ ئەو مەبەستە حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم، وەزارەتی ناوخۆی بۆ ئەو کارە ڕاسپاردووە. وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری پێویستی گرتۆتەبەر و هەنگاوی دروست و یاسایی ناوە. بەڵام ئەو کارە تەنها بەلایەنی حکوومی بە کۆتایی نایەت، بەڵکوو پێویستە هاونیشتمانیان پابەندی یاسا و بڕیاڕ و ڕێکار و ڕێنماییەکانی حکوومەت بن و هاوکاربن و خۆیان سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەک بکەن، یان باشتر ئەوەیە چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن. لەگەڵ ئەمەش ئەرکی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و گەشەپێدانی مرۆیی یە کار بۆ هۆشیار کردنەوەی هاونشتمانیان بکەن بۆ ئەوەی خەڵک چەک لە ماڵ و شوێنی کار و ناو ئۆتۆمبێلیان دانەنێن و لەکاتی گرژی و ناکۆکی پەنا بۆ چەک نەبەن و چەک بەکار نەهێنن، چوونکە دادگا هەیە و پێویستە بە یاسا چارەسەری کێشەکانیان بکەن، خۆیان لە ئەنجامدانی تاوان و سزای یاسایی بەدوور بگرن. بۆ ئەمە هۆشیاری و ڕۆشنبیری یەکێکە لە باشترین چارەسەرەکان.
بۆچی هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی بەدەست خەڵکی ناهۆشیار و هەڕەمەکی، هەڕەشە و مەترسیە لەسەر ئارامی و ئاسایشی گشت تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان؟ چوونکە هەبوونی چەک و چەکداری نایاسایی و هەڕەمەکی، دەبێتە هۆو ی نائارامی و دڵەڕاوکێ و جێگیر نەبوونی باری ئاسایشی هاونیشتمانیان و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، سەرپێچی یاسایی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە. زۆر جار لە ڕوودان و هەبوونی کێشەیەکی زۆر بچووک و ئاسایی کەسێکی ناهۆشیار دەست بۆ چەک دەبات و بەهەڕەمەکی بەکاری دێنێت، لەئەنجامدای کووشتن و بریندار بوونی لێ دەکەوێتەوە. لەو بارەدا لایەنی بەرامبەر پەنا بۆ چەک دەبات و بەچەک وەڵامی دەداتەوە یان هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات، کێشەکە گەورەتر و قوڵتر دەبێت و لەدەست دەردەچێت، چارەسەرەکەی ئەستەم دەبێت و لێکەوتەی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە. چوو نکە کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتییە و دەبێتە کێشەی خوێنداری و ڕەنگە چەندین بنەماڵە بەهۆی ئەو ڕووداوە تێوەبگلێن و ببنە دوژمنی یەکتر و ژیانیان ئاڵۆزبێت و دەربەدەر بوونی لێ بکەوێتەوە.
تیرە و بەرەباب و بنەماڵە و خزم) لەناوچەیەک دەکەونە ئەو کێشانە و تێوەدەگلێن و ناچار دەبن ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکەکە ناوچەکەیان بەجێبهێڵن و دەربەدەربن، یان ڕەنگە ژیانی هەموو ئەندامانی عەشیرەتێک بکەوێتە مەترسی و تێک بچێت. لەلایەکی تر دەنگی تەقە لەنێو (کۆڵان و گەڕەک و شوێنە گشتیەکانی شار)، دەبێتە هۆی هەراسان کردنی دانیشتووان و دروست بوونی نائارامی و ترس لە دڵ و دەروونیان، كه ئه مه ش هه ره شه و مەترسییە لەسەر هەمووان.
کاتێک دوو لایەنی هەڕەمەکی چەک لەبەرامبەر یەکتر بەکار دێنن و تەقە دەکەن، یان زۆر جار هەبووە لە بۆنەیەک بۆ خۆشی دەربڕین خەڵکانێکی ناڕۆشنبیر و ناهۆشیار تەقە دەکەن، بۆ نموونە: لە جەژن و سەرەساڵ و ئاهەنگی بوک گواستنەوە و گەشت ۆو سەیران و.. هەتا دوایی، یان لە ئەنجامی یاریەکی تۆپی پێ بەشێک لە هاندەرانی هەڵبژاردەیەک دڵخۆشی خۆیان بە بردنەوەی یاریەک دەردەبڕن و بە تەقە کردن گوزارشت لە خۆشیەکەیان دەکەن! گولـلەی وێڵی ئەوان بەر کەسێکی بێتاوان دەکەوێت کە ئاگای لەوان و خۆشی و کێشەکەیان نیە، ڕەنگە هەر یەکتر نەناسن، بەڵام زۆرجار بەداخەوە بەو گولـلە وێڵە دەکوژرێت و گیان و ژیانی لەدەست دەدات! یان کەم ئەندام و پەککەوتە دەبێت و بۆ هەتا هەتایە لە ژیانی زەحمەتی دەبینێت! دەبێتە قوربانی هەبوونی چەکی بێ موڵەت و نایاسایی و خەڵکانێکی ناهۆشیار و نەزان و هەڕەمەکی. بۆیە دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی، جگە لەوەی کارێکی نایاسایی و ناشارستانیە، کارەساتبار و مەترسی یە بۆ سەر ئاسایشی هەمووان، پێویستە کاری زیاتر و ڕژد تر بۆ نەهێشتن و بنەبڕ کردنی بکرێت.
بۆ حکوومەتیش کێشە و زیانی زۆرە، چوونکە جگە لەوەی لەلایەک بەرپرسیاریەتیە، لەلایەکی تر بەهۆی هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی ڕێژەی ئەنجامدان و ڕوودانی کوشتن و تاوان و تاوانکاری زۆر دەبێت، لەو بارەشدا سەرقاڵی زۆری بۆ (پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) و (دادگاکان و بەندیخانەکان) دروست دەبێت. هەموو ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نیگەران و دڵتەنگ دەبن بە ڕووداوی کوووشتن و ئاژاوەگێڕی و هەر نائارامیەک. واتا لە هەردوو لایەنی جەستەیی و دەروونی ماندوویان دەکات. ئەوەش قوربانیدانی ئەوانە بەهۆی هەبوونی ئەو دیاردە ناشارستانیەی کۆمەڵگاکەمان. لەئەنجامدا حکوومەت لەو پێناوەدا خەرجی و تێچووی ماددی زۆری لێ بەهەدەر دەڕوات کە ئەوەش بەهەدەرچوونی دارایییە بەهۆی دیاردە و هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی بەدەست بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان. بۆیە لەپێناو ئارامی و ئاسایش و بەرژەوەندی گشتی، نەهێشتن و بنەبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی پێویستە.

ھەواڵی زیاتر