مەکتەبی سیاسیی پارتی: بە ئامانجگرتنى هەڤاڵان و کادیرانمان قبوڵکراو نییە

مەکتەبی سیاسیی پارتی هەوڵی “تیرۆرکردنی” بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی بە توندی سەرکۆنە دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، “بە ئامانجگرتنى هەڤاڵان و کادیرانمان قبوڵکراو نییە”.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-07-2024، مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا “هەوڵی تیرۆرکردنی” ئەکرەم ساڵح، بەرپرسى لقى 22ى پارتی لە گەرمیان سەرکۆنە کرد و داوا لە دامودەزگاکانى سنوورەکە دەکات “لێکۆڵینەوەى جددى لەو کردەوە نا مرۆڤانە و تیرۆرستیە بکەن و بکەرانی بۆ پارتیمان و ڕاى گشتى و خەڵکى کوردستان ئاشکرا بکەن”.

مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، ئەو جۆرە “کارە تێکدەرانە کاریگەرى دەبێت بۆ سەر سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان و بە ئامانجگرتنى هەڤاڵان و کادیرانى پارتیمان لە لایەن هەر لایەن و گروپێکەوە بێت قبوڵکراو نییە و ڕێگا نادەین تێکدەران بە مەرامەکانیان بگەن”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە پێناو سەقامگیرى و ئاسایشى کۆمەڵایەتى هەرێمى کوردستان پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکى خۆیان هەڵسن و بکەرانی کردەوە تیرۆرستیەکە بدۆزنەوە و ڕووبەڕووى یاسا بکرێنەوە”.

تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی

نزیکەی کاتژمێر 09:24 خولەکی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 15-07-2024، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی؛ لە بەردەم ماڵەکەی، لە شاری کەلار تەقێندرایەوە.

ئەکرەم ساڵح لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بە “کارێکی تیرۆریستی” ناوبرد و گوتی، “ئۆتۆمبێلەکە بە بۆمبی لكێندراو، تەقێنراوەتەوە”. ڕاشیگەیاند، خۆی، شۆفێرەکەی و پێشمەرگەیەک کە لەگەڵیان بووە، بەهۆی ئەو “کردە تیرۆریستییەوە” بە سووکیی بریندار بوون و “چەند چرکەیەک زیاتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکە ماباینەوە، هەموومان لەنێوی دەسووتاین”.

بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی پێی وایە پێش ڕووداوەکە چاودێریی کراوە، “چونکە سەرەتا ئۆتۆمبێلەکەم لەنێو حەوشەی ماڵدا بوو، دواتر شۆفێرەکەم بردبوویە دەرەوە؛ نزیکەی چارەکێک لە دەرەوە بوو و هیچ شتێک ڕووی نەدابوو، بەڵام کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکە بووم و ئۆتۆمبێلەکە جووڵا، تەقییەوە. گومانم هەیە لە ڕێگەی کۆنترۆڵەوە و لە دوورەوە تەقێندرابێتەوە”.

لەبارەی ئەوەی گومانی لە کێ هەیە ئەو کردە تیرۆریستییەی کردبێت؟ ئەکرەم ساڵح گوتی، “هیچ گرفتێکی پێشوەختەمان نەبووە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەکەین”. ڕوونیشی کردەوە، “کردەکە گەورە بوو و بە خەڵکی ناشارەزا ناکرێت، چونکە بۆمبەکە بە ژێر تایەی نزیک شوێنی دانیشتنەکەمەوە لکێندرابوو”.

ھەواڵی زیاتر