بەچاودێری و ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، بە گوژمەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەی ڕێگەوبان دانرا.
سێشەممە 16-7-2024، بە چاودێری و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و بەڕێوەبەری ناحییە و شارەوانیی دارەتوو و بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتیی ناوچەکە، بەردی بناغەی پڕۆژەی درووستکردنی رێگە بۆ گوندەکانی (باغەمرە شەهاب، پیڕەش و خەتێ) دانرا.
گوژمەی پڕۆژەکە نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە و لەلایەن سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ پەرەپێدان بەقەرزی بانکی نێودەوڵەتی و بە هەماهەنگی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ و پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە ئاییندەیەکی نزیکدا چەندین پڕۆژەی پەرەپێدان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەزامەندی دراوە و لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.
هەروەها پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، هەموو ئەو پڕۆژانەی لە پێشوو جێبەجێ کراون و لەداهاتوودا جێبەجێ دەکرێن، لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، رێگەوبان کۆڵەکە سەرەکییەکانی پڕۆژەکانە و هەمیشە سەرۆکوەیران جەختی لەسەر دەکاتەوە. گوتیشی، جەخت لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ دەوروبەری شاری هەولێر دەکەینەوە و ئاوڕی زۆرتری لێ بدرێتەوە.