وەزیری دارایی مژدەیەكی خۆش بە فەرمانبەرانی گرێبەست دەدات

ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی وەزارەت و لیژنەی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران کە لە ڕۆژی 8/5/2024، بەمەبەستی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕووی یاسایی و کارگێڕی و داراییەوە پێکهێنراوە تا بتوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت.

لەماوەی ڕابردوو لیژنە باڵاکە کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و لە ئێستا دۆسییەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی ڕاژە کراوە بۆ ئەوەی ڕێکارە هونەری و ئیدارییەکان تەواو بکرێت، ڕوونیشی کردەوە وەک وەزارەتی دارایی هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانی فەرمانبەرانی گرێبەست بوونە و لە ماوەی ڕابردووشدا هەرچی پەیوەست بووبێت بە وەزارەتەوە کاری خۆیان لەسەر کردووە.

هاوکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ تەرخانکردنی دارایی و دیاریکردنی میالاکاتی پێویست لەسەر ئاستی وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان.

لای خۆشیانەوە نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست سوپاسی وەزیری دارایی و ئابورییان کرد کە هەمیشە خەمخۆر و پشتیوانی دۆسییەکەیان بووە و هیوایان خواست لە نزیکترین کاتدا پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە پێی ئەو میکانیزم و ڕێکارانەی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی ڕێکەوتنی لەسەر دەکرێت

ھەواڵی زیاتر