دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پسپۆڕێكی ئەمنی: كه‌موكووڕیی پلانی ئه‌منی هۆی زیادبوونی هێرشەکانی داعشن

زيادبوونی هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ دیاله‌ و كه‌ركووك مه‌ترسی دروست كردووه‌. لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت، هێرشه‌كان له‌م كاته‌دا كه‌ پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له ‌ئارادایه‌، پرسیاریی زۆر هه‌ڵده‌گرن.

ناوبه‌ناو، چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق هێرشی تیرۆریستی له‌ دژی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دەکەن. هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ڕایده‌گه‌یه‌نن، ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش به‌رده‌وامه‌ و ڕۆژانه‌ شوینه‌كانیان خاپوور ده‌كرێن. پسپۆڕێكیش هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعش بۆ كه‌موكووڕی پلانی ئه‌منی و سه‌ربازی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی داعش له‌سنووری پارێزگاكانی دیاله‌ و كه‌ركووك، ته‌حسین خه‌فاجی، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق ئاشكرای كردووه‌، هێرشه‌كانی داعش به ‌مانای له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵی وڵات نییه‌، به‌ڵكوو دۆخه‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندایه‌ و ڕۆژانە  ئۆپه‌راسیۆن دژی شانه‌ نووستووه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌كانی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامیی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ دژی چه‌كدارانی داعش، به‌ڵام تا ئێستا هێرشی داعش و مه‌ترسی شانه‌ نووستووه‌كانیان هه‌یه‌ و ناو به‌ناو پەلاماری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دەدەن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌ریم عه‌لیوی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت، هێرشه‌كانی داعش له‌م كاته‌دا كه‌ پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ ئارادایه‌، پرسیاری زۆر هه‌ڵده‌گرێت، سه‌ره‌ڕای كۆنترۆڵكردنی وڵات له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، ده‌یانه‌وێ وا پیشان بدرێت هێشتا مه‌ترسییه‌كانی داعش ماون، ده‌شڵێت ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه‌ هه‌موو شتێك بۆ مانه‌وه‌ی له‌عێراق بکات.

له‌به‌رانبه‌ردا، له‌باره‌ی هۆیی هێرشه‌كانی داعش و كه‌مته‌رخه‌میی ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان، ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، پسپۆڕی كاروباری ئه‌منی ئاشكرای كردووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دیاله‌ و كه‌ركووك ڕوویدا، دووپات له ‌گرفتی ئه‌منی و نه‌بوونی پلانی سه‌ربازی ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ هێرشەکانی داعش نیشانی ده‌دات گرفت لە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتدا هه‌یه‌، به ‌جۆرێك هەمیشە هێرشه‌كان لەو ناوچانە دووبارە دەبنەوە کە هێزەکان ئامادەن و پێشتریش ئۆپەراسیۆنی ئەمنیان تێدا کردووە.