بنبڕکردنیان پێویستی بە هەماهەنگی زیاتری پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

رووداوەکانی چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردوو دەیسەلمێنن کە هێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە و هێزە مەیدانییەکان پێویستییان بە هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی پێش بەو مەترسییانە بگرن، بە پێچەوانەی گوتاری زاڵی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە پێیان وایە داعش لە عێراق کۆتایی هاتووە و هیچی تر پێویستییان بە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا نییە یارمەتییان بدات.

ڕاستە نزیکەی حەوت ساڵە داعش لە عێراق هیچ قەلەمڕەوێکی نەماوە، بەڵام لە چوارچێوەی چالاکی تاک و شانەدا بەردەوام لە هەوڵی خۆرێکخستنەوەدا بوون و نێوەنێوە هێرشی تیرۆریستییان کردووەتە سەر هاووڵاتییان و هێزەکانی عێراق.
نوێترین هێرشی تیرۆریستیی داعش بۆ دوێنێ یەکشەممە دەگەڕێتەوە کە لە شارەدێی قەرەهەنجیری سنووری پارێزگای کەرکووک هێرشێکی تیرۆریستییان کردە سەر هێزەکانی ئاسایش و بەداخەوە کارمەندێکی ئاسایش شەهید و ژمارەیەکی تر بریندار بوون.

ئەمە یەکەم جار نییە کە شانە نوستووەکانی داعش ئەم هێرشانە دەکەن و ڕەنگە دواین جاریشیان نەبێت. یەکێک لەو شوێنانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە چەکدارانی داعش لە قازانجی خۆیاندا قۆستوویانەتەوە ئەو بۆشاییە ئەمنییە بووە کە لە دوای کشانەوەی پێشمەرگە لەم ناوچەیە هاتووەتە کایەوە. ئەو هێزانەی شوێنی پێشمەرگەیان گرتووەتەوە نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن لە لەناوبردن و بنبڕکردنی داعش و لە هەمان کاتدا ڕێ بە پێشمەرگەش نەدراوە بگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆی بۆ ئەوەی تواناکانی دژی داعش بەرجەستە بکات.
بەشێک لە لایەنە سیساییەکانی عێراق ئەو پرسە گرنگە ئەمنییەیان تێکەڵاوی هەندێک پرسی سیاسی و ململانێی ناوچەیی وڵاتان کردووە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی داهاتووی دۆخی تەناهیی عێراق، بانگەشەیان بۆ هەندێک بڕیار و ڕێکار کردووە کە جێبەجێکردنیان دەتوانێت زیانێکی زۆر بە ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بگەیەنێت.
حکوومەتی عێراق وا پێشانی بدات کە دۆخی عێراق بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات، داعش کۆتایی هاتووە و چیدی پێویستییان بە هێزی دەرەکی و ئەمەریکا نییە یارمەتییان بدات. عێراق هەر بەوە نەوەستاوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت دۆخەکە ئارامە تەنانەت بە پێدانی پارە و گوشارخستنە سەر ئاوارەکان دەیەوێت بە پێچەوانەی ویست و داخوازیی خۆیان، ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لە کاتێکدا ئەوان خۆیان دەڵێن ترس و دڵەڕاوکێیان هەیە و لەو شوێنە دڵنیان نین کە بڕیارە بۆی بگەڕێنەوە.
پێشتریش عێراق لە چوارچێوەی پەرلەماندا هەنگاوی جیای بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا ڕێک خستووە و تا ئەم ساتە گوتاری زاڵی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان پێکدێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە دەزگای دژەتیرۆری عێراق خۆی هەفتەی ڕابردوو دانی بەوە نا کە هێشتا لە بەغدا، سەلاحەدین، دیالە، کەرکووک و نەینەوا و ئەنبار و چەندان شوێنی تر شانە نوستووەکانی داعش چالاکییان هەیە و مەترسی ئەوەیان لێ دەکرێت هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
لە بەرانبەردا ئەمەریکا ناخوازێت ئەو ڕیسەی چەند ساڵە کردووویەتی بە بڕیارێکی ناژیرانە بکاتەوە بەخوری، خۆی چاودێری دۆخەکە دەکات و هێشتا بەو قەناعەتە نەگەیشتووە داعش کۆتایی هاتبێت و پێی وایە دەبێ بە هاوکاری هێزە مەیدانییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام بێت و هەر بۆیەش هەینیی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، پابەندبوونی ئەمریکای بۆ بەردەوامیی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا دووپات کردەوە.
هەر ئەو ڕۆژە دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی سێ ڕۆژەی ناتۆ کە تێیدا نوێنەرایەتیی عێراقی دەکرد، بە هەمان شێوە ئەم خاڵەی دووپات کردەوە.
رۆژێک پێشتریش دانیال شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار سەردانی بەغدای کردبوو، لە هەولێر لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پێداگری لە بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و ڕاهێنانیان و بەردەوامیدان بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کردەوە.
سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان چ ئێستا و چ پێشتر پێیان باش بووە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و ڕاهێنانەکان بەردەوام بن و دژی تیرۆریستان تۆکمەتریان بکەن، چونکە هێشتا مەترسییەکانیان نەڕەویونەتەوە.

ھەواڵی زیاتر