هەینی ڕەش

گەرمیان گلی- هه‌ولێر

هەینی ڕەش زاراوەیەکی ئاخاوتنییە، بۆ هەینی دوای جەژنی سوپاسگوزاری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت، بە شێوەیەکی نەریتی دەستپێکردنی وەرزی بازاڕکردنی کریسمسە لە ئەمریکا و پاشان جیهان. زۆرێک لە فرۆشگاکان کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بە نرخی داشکێندراو پێشکەش دەکەن و زۆرجار زوو دەکرێنەوە. فرۆشتنی هەندێک لە فرۆشگاکان تا دووشەممەی دوای هەینیی ڕەش بەردەوام دەبێت، هەندێکیشیان بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. لە چوارەم هەینی مانگی تشرینی دووەمدا ڕوو دەدات، مەگەر یەکەمی تشرینی دووەم هەینی نەبێت، لەم کاتەدا پێنجەمین هەینییە. هەینی ڕەش بەشێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵترین ڕۆژەکانی بازاڕکردن بوون لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پاشان بە جیهاندا بڵاو بوویەوە.

ئابووریناس جەوهەر بایز، باس لە هەینی ڕەش دەکات و دەڵێ: هەینی ڕەش ئاماژەیە بە ڕۆژی دوای پشووی جەژنی سوپاسگوزاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها بە شێوەیەکی نەریتی بۆ زۆرێک لە کارمەندەکان پشووە. بە شێوەیەکی ئاسایی ڕۆژێکی پڕە لە گرێبەستی تایبەتی بازاڕکردن و داشکاندنی گەورە بە شێوازی ئۆنلاین و بازاڕکردنی ڕاستەوخۆ، بە سەرەتای وەرزی بازاڕکردنی جەژن دادەنرێت. لە سەرەتادا هەینیی ڕەش ڕووداوێکی یەک ڕۆژە بوو لە ئەمریکا، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم چالاکییە گەشەی کرد و بووەتە بازاڕکردنێکی چەند ڕۆژە، لەوانەیە هەندێک جار لە ڕۆژی پێنج شەممەوە تا کۆتایی هەفتە دەست پێبکات، یان تەنانەت مانگێک بەردەوام بێت، هەروەها لە هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی کڕیاراندا هەندێک لە فرۆشگاکان هەر لە دووشەمرەوە دەست بە فرۆشەکانیان دەکەن. ڕۆژی دوای جەژنی سوپاسگوزاری لە ساڵی ١٩٥٢ەوە وەک سەرەتای وەرزی بازاڕکردنی کریسمس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێت. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا زۆرێک لە نمایشەکانی بابانوئێل یان جەژنی سوپاسگوزاری لەلایەن فرۆشگا گەورەکانەوە سپۆنسەر دەکران. فرۆشگا گەورەکان نمایشەکانیان بۆ دەستپێکردنی پاڵنەرێکی گەورەی ڕیکلام بەکاردەهێنا. لە کۆتاییدا بوو بە یاسایەکی نەنووسراو کە هیچ فرۆشگایەک هەوڵی ڕیکلامی جەژنی کریسمس نادات پێش ئەوەی نمایشەکە تەواو بێت. بۆیە ڕۆژی دوای جەژنی سوپاسگوزاری بووە ئەو ڕۆژەی کە وەرزی بازاڕکردن بە فەرمی دەستی پێکرد. پەیوەندی جەژنی سوپاسگوزاری بە بازاڕکردنی جەژنی کریسمسەوە لە ساڵانی ١٩٣٠دا بووە هۆی مشتومڕ. فرۆشگا تاکەکەسییەکان حەزیان دەکرد وەرزێکی بازاڕکردن درێژتر بێت، بەڵام هیچ فرۆشگایەک نەیدەویست لە نەریت بشکێت و پێش جەژنی سوپاسگوزاری دەست بە ڕیکلام بکات. لە ساڵی ٢٠١٥دا کۆمپانیای ئەمازۆن یەکەم شوێن بوو کە خستنەڕووی هەینی ڕەش لە مانگی تەممووزدا پێشکەش کرد کە ناوی لێنابوو ڕۆژی دەستپێک، بەڵێنی خستنەڕووی باشتری دا لە چاو هەینی ڕەش. ئەمازۆن لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ەوە ئەم کارەی دووبارە کردەوە و کۆمپانیاکانی تریش دەستیان بە پێشکەشکردنی خستنەڕووی هاوشێوە و داشکاندن بۆ خەڵکی کرد.
دەشڵێت: ڕەنگە فرۆشیاران ساڵێکی تەواو بۆ پلاندانان بۆ فرۆشتنەکانی هەینیی ڕەش بەسەر بەرن، ئەو ڕۆژە وەکوو دەرفەتێک بۆ پێشکەشکردنی نزمترین نرخی فرۆشتن، بۆ فرۆشتنی ئەو کاڵایانەی زیادەیان هەیە، هەروەها ستراتیجیی دەرگابڕ، ستراتیجییەکی بازاڕکردن و فرۆشتنە کە فرۆشیارانی تاکەکەسی بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی قەبارەیەکی زۆر لە کڕیارەکان لە کاتی کردنەوەی فرۆشگاکانیان بخەنە ناو فرۆشگاکانیانەوە بەکار دەهێنن و داشکاندن لەسەر کاڵا وەرزییەکان وەکوو دیکۆراتی جەژن و دیارییە ئاساییەکانی جەژن دەکەن. هەروەها فرۆشیاران داشکاندنی بەرچاو لە شتومەکە بەنرخەکان، براندە پڕفرۆشەکانی تەلەفزیۆن و ئامێرە زیرەکەکان و بابەتە ئەلیکترۆنیەکانی تر دەکەن، بەمەش کڕیاران ڕادەکێشن. زۆرجار بەکارهێنەران بۆ کڕینی شتومەکە باوەکان لە هەینیی ڕەشدا دەچنە بازاڕەکان، ئەمەش لە کاتی ئاسایشی نەگونجاودا دەکرێت ببێتە هۆی پشێوی و لێدان و تووندوتیژی، سەرەڕای لایەنە باشەکان و داشکاندنەکانی بەدەر نییە لە ڕووداوەکان. بۆ نموونە لە ڕۆژی هەینیی ڕەش لە ساڵی ١٩٨٣دا، کڕیارەکان لە فرۆشگاکانی سەرتاسەری ئەمریکادا تووشی شەڕ، پێکدادان، پشێوی و پەلەکردن بوون بۆ کڕینی بووکەڵەیەک، کە لەو ساڵەدا یارییەکی باو بوو کە پێدەچێت کەمیی هەبووبێت. هەروەها لە هەینیی ڕەش لە ساڵی ٢٠٠٨دا کرێکارێکی فرۆشگایەکی گەورە کاتێک کڕیارێکی زۆر لە کاتی کرانەوەی دەرگادا ڕوویان لە فرۆشگاکە کرد لە پێدا گیرا و گیانی لەدەستدا. چەندین ڕووداوی تری نەخوازراو لە ئاکامەکانی جەنجاڵی هەینیی ڕەش ڕوویداوە.
ئەو ئابووریناسە باسی یەکەم زاراوەی هەینی ڕەش و گرینگی بۆ ئابووریناسان دەکات و دەڵێ: زاراوەی هەینیی ڕەش بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٦٩ داهێنرا، ئەوەیش نەک بۆ بازاڕکردن لە دوای جەژنی سوپاسگوزاری بەڵکوو بۆ قەیرانی دارایی بەکار هات، بەتایبەتی داڕمانی بازاڕی زێڕی ئەمریکا کە لە ٢٤ی ئەیلوولی ساڵی ١٨٦٩ بوو. دوو پیاوی واڵ ستریت بە ناوەکانی جەی گۆڵد و جیم فیسک پێکەوە کاریان کرد، بۆ کڕینی زۆرترین زێڕی وڵات.

ھەواڵی زیاتر