سێ سەد و پەنجا هەزار هاوبەشی ئاو، سوودمەندی لێخۆشبوونەکەی حکوومەت بوون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین لێخۆشبوونی بۆ هاووڵاتییان کردووە، لە تەواوی ئەو وەزارەتانەی خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکەن، وەکو لێخۆشبوون لە قەرزی خوێندن، ئاو، کارەبا، هاتووچۆ، قەرزی هاوسەرگیری، خانووبەرە، قەرزی بچووک، مامناوەند، قەرزی کشتوکاڵی و باج و ڕسوومات، ئەو پارانەی کە گەڕاونەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دووبارە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان خەرجکراونەتەوە. هاووڵاتییانیش داوا دەکەن لێخۆشبوونەکانی حکوومەت لە قەرزەکانیان بەردەوام بێت.

ئەو هاووڵاتییانەی سوودیان لە لێخۆشبوونەکەی حکوومەت وەرگرتووە، دەڵێن، باری سەرشانمان سووکتر بووە، بۆ ئاسانکاری و هاوکاری هاووڵاتییان پێنجار لێخۆشبوون لە کرێی ئاو و بەکارهێنانی ئاو بۆ هاوبەشانی کراوە، چوار جار لە ١٥% و ئێستاش لە ٢٠% لێخۆشبوون کراوە، سێ سەد و پەنجا هەزار هاوبەشی ئاو سوودمەندی لێخۆشبوونەکەی حکوومەت بوون، نۆ ملیار و شەش سەد ملیۆن دینار داشکاندنیان بۆ کراوە.
ڕۆژی ٢٦ی٦ی ٢٠٢٤، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارێکی وەزیری کارەبا پەسەندکرا سەبارەت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %٢٠ ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاووڵاتییان و بڕیاردرا تاوەکو ٣١ی ئەم مانگە ڕێژەی داشکاندنەکە بەردەوام بێت. هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار قەرزداری پارەی کارەبای حکوومەتن، حکوومەتیش بۆ کارئاسانی و سوودی هاووڵاتییان چوار جار لێخۆشبوونی ١٥% و ٢٠% بۆ هاوبەشانی کارەبا کردووە، هاووڵاتییان قەرزی کارەبا دەدەنەوە کە لەسەریان کەلەکە بووە، بە لێخۆشبوونی ٢٠%، بەشێکی هاووڵاتییان ئەوانەن کە لە شوێنی بازرگانی قەزردارن و بەشێکی دیکەیان خاوەنی خانووی خۆیانن ئەو پارەی کە لەسەریان کەلەکە بووە دەدەنەوە، لێخۆشبوونی ٢٠% لە پارەی کارەبا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییانی دڵخۆشکردووە و داوا دەکەن وادەکە درێژ بکرێتەوە، چونکە ئەو ٢٠% هاندەرێکی باشە بۆ ئەوەی قەرزی کارەبا بدەینەوە.

ھەواڵی زیاتر