ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لێژنەی باڵای عێراق و تورکیا لەسەر پرسی پەکەکە کۆ دەبنەوە

پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا لە سنووری ھەرێمی كوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بوونی پەكەكە بیانووی زیاتر بە توركیا دەدات ڕۆژ دوای ڕۆژ خاڵ و بنکەی سەربازیی زیاتر جێگیر بکات.

یەشار گویلەر، وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا كە بە چنگ – قوفڵ ناسراوە و بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستی پێ كردووە، تاوەكو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

ئاشكراشی کرد، ئامانج لە ئۆپەڕاسیۆنەكە بڕینی ھێڵی نێوان سووریا و قەندیل و لەناوبردنی پەكەكەیە. گویلەر دەشڵێت، پلانمان هەیە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکەدا تەواوی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەین.

لە بەرانبەردا وەزیری دەرەوەی عێراق، جەخت لە گرتنەبەری ڕێگەی دیبلۆماسی و سیاسی دەكاتەوە بۆ كۆتاییھێنانی بە كێشەكانی نێوان توركیا و پەكەكە لە نێو خاكی عێراق.

فوئاد حوسێن دەڵێت، کێشەى پەکەکە جگە لەوەى کێشەى تورکیایە، ئێستا بووەتە کێشەیەک بۆ عێراقیش، هەربۆیە پێویستە بە ڕێگەى عێراق مامەڵەى لەگەڵ بکرێت.

گوتیشی: تا ئێستا هیچ هێرش و ئۆپراسیۆنێک ئەنجام نەدراوە تەنیا چەند جموجووڵێک هەیە و لەوچوارچێوەیەشدا 15ی مانگی ئابی داھاتوو هەردوو لێژنەی باڵای عێراق و تورکیا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

بوونی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان بیانووی بە سوپای توركیا داوە كە بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر و پانتایی 50 کیلۆمەتر بێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و بنکەی سەربازیی نوێ لە بەرزاییەکانی زیاد بكەن.

بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی ئەمریکی سی پی تی، تورکیا لە 15ی حوزەیرانەوە تاوەكو ئێستا 285 جار ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون، ئەوەش زیانێكی زۆری بە ماڵ و موڵكی ھاووڵاتییان گەیاندووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەشێک لە گوندنشینانی ناوچە سنوورییانە.

ھەواڵی زیاتر