دوای یەکەمین دانیشتن جووڵە و دانوستاندنی فراکسیۆنەکان دەست پێدەکات

تا ئیستا ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە و هەنگاوەکانی بەردەم فراکسیۆنەکان بۆ دیاری کردنی پارێزگار و بەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان یەکجار قورس دەبێت.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنەکە یەکەمین دانیشتنی خۆی دەکات و لەو دانیشتنەدا گفتوگۆ لەبارەی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکاکەوە ناکرێت و تەنیا شەرعیەت بە نوێنەرانی ئەنجوومەنەکە دەدرێت.
حەسەن شێخانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆوە دەڵێت؛ وەکو فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئامادەی کۆبوونەوە دەبین و ئومێد دەکەین کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بێت، بۆیە ئێمە وەکو فڕاکسیۆنی پارتی ئامادەین و تاوەکو ئێستاش ئەوەی بە ئێمە ڕاگەیەندراوە، تەنیا شەرعیەتدانە بە ئەندامانی ئەنجومەن، بۆ ئەوەی دواتر دەست بە گفتوگۆ بکرێت بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەکانیان”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئەوەش دەخاتەڕوو؛ تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە و هەڵبژاردنی پارێزگار ڕێک نەکەوتوون”. گوتیشی، “چەند پێشنیازێک بۆ چارەکردنی کێشەکە خراونەتەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێکیان پەسەند نەکراوە”.
بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دوای تێپەڕینی مانگێک بەسەر یەکەمین دانیشتندا، دەبێت پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دیاری بکرێت، ئەگەرچی ئەمە بۆ پاریزگای کەرکووک ئەستەمە، بەڵام دەکەوێتە سەر ئەوەی فراکسیۆنەکان ڕێککەوتنی سیاسیان هەبێت و زۆرینە دەنگ بە کاندیدێکی هاوبەش بدەن بۆ پۆستە ئیدارییەکانی ئەو پارێزگایە.

ھەواڵی زیاتر